ئاسایشی ئەوروپا دەبێتە بەشێک لە دانوستانەکانی رووسیا و ئۆکرانیا
مەدینسکی: لەگەڵ واشنتن لەسەر چەندین خاڵی ئاسایشی ئەوروپا گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن
لە گەڕێکی دیکەی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان رووسیا، ئۆکرانیا و ئەمریکا لەسەر ئازادکردن و ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە مێژووی جەنگەکەدا رێککەوتن؛ نێردەی تایبەتی ئەمریکاش ئاشکرای کرد کە بۆ قۆستنەوەی دەستکەوتەکانی ئەم لێکتێگەیشتنە، سبەی راستەوخۆ لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین و دواتریش لە دەبلن لەگەڵ ڤلۆدیمێر زێلینسکی کۆدەبنەوە.
چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026، گەڕێکی دیکەی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات کۆتایی هات؛ هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی گەورەترین پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە مێژووی جەنگەکەدا، هاوکات بڕیارە شاندی نێوەندگیری ئەمەریکا بە مەبەستی درێژەدان بە هەوڵەکان راستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین و ڤلۆدیمێر زێلینسکی کۆببنەوە.
ئەم دانوستانە دوو ڕۆژەیە، کە یەکەمین گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتە لە دوای چەند مانگێک لە راوەستانی رێڕەوی دیپلۆماسی، بە سەرپەرشتیی جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردەکانی ئەمەریکا بەڕێوە چوو.
جارید کوشنەر، نێردەی ئەمەریکا دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکان رایگەیاند: "یەکێک لە دەستکەوتە سەرەکی و ئەرێنییەکانی ئەم دوو رۆژە ئەوە بوو کە لەسەر ئەنجامدانی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی مرۆیی بۆ ئازادکردن و ئاڵوگۆڕی دیلەکان رێککەوتین، و ژمارەی کۆتایی دیلە ئازادکراوەکانیش بەم زووانە یەکلا دەکرێتەوە."
هاوکات ڤلادیمێر مەدینسکی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری رووسیا و روستەم ئومێرۆڤ، گەورە دانوستانکاری ئۆکرانیا رێککەوتنەکەیان لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەکان پشتڕاست کردەوە و رایانگەیاند کە لە چەند رۆژی داهاتوودا وردەکارییەکەی رادەگەیەنن.
لە مەبەستی قۆستنەوەی ئەو لێکتێگەیشتنانەی لە ئەبوزەبی بەدەست هاتوون، جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردەکانی ئەمەریکا، سبەی پێنجشەممە دەچنە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆدەبنەوە. دواتریش بە مەبەستی خستنەڕووی دەرئەنجامی گفتوگۆکان، راستەوخۆ بەرەو شاری دەبلن لە ئێرلەندا گەشت دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ ڤلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببنەوە.
ڤلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتڕاستی کردەوە کە سبەی لەگەڵ نێردەکانی ئەمەریکا لە دەبلن کۆدەبێتەوە و گوتی: "ئەولەوییەتی سەرەکیی ئۆکرانیا ئەوەیە لە زووترین کاتدا کۆتایی بەم جەنگە بهێنرێت."
سەبارەت بە نێوەڕۆکی سیاسیی دانوستانەکان، ڤلادیمێر مەدینسکی، سەرۆکی شاندی رووسیا رایگەیاند، پرسی داڕشتنەوەی نەخشەی ئاسایشی ئەوروپا تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانیان بووە لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی؛ جەختیشی کردەوە جیهان پێویستی بە سیستەمێکی نوێ و دادپەروەرانەی ئاسایش هەیە کە زیان بە هیچ لایەنێک نەگەیەنێت. مەدینسکی ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر چەندین خاڵ گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش، بەڵام لەسەر چەند بابەتێکی دیکە ناکۆکی ماوە.
مەدینسکی رەخنەی لە رۆڵی وڵاتانی ئەوروپا گرت و گوتی: "ئێمە هیچ دەستپێشخەری یان پێشنیازێکی روونمان بۆ ئاشتی لە وڵاتانی ئەورووپییەوە پێنەگەیشتووە، بۆیە نازانین لەسەر چی لەگەڵ ئەواندا گفتوگۆ بکەین."
لە بەرامبەردا، داڤید ئاراهامیا، دانوستانکاری باڵای ئۆکرانیا رایگەیاند: "زەمینەیەکی زۆر باش و ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی پێش هاتنی ساڵی نوێ بگەینە چارەسەرێک." داوای کرد لە داهاتوودا نوێنەری ئەوروپاش لە دانوستانەکاندا بەشدار بێت.
هاوکات روستەم ئومێرۆڤ، ئەندامی شاندی ئۆکرانیا لە تێلگرام نووسیویەتی: "لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا هەردوولا توانییان راستەوخۆ هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە. جیاوازی و ناکۆکیی زۆر گەورە لەنێوانماندا ماون و کارێکی سەخت لە پێشمانە، بەڵام دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دانوستان بەردەوام بێت."