وشکەساڵی و کەمئاوی زیانی زیاتر لە ملیارێک دۆلاری بە کەرتی کشتوکاڵی عێراق گەیاندووە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، روانگەی سەوزی عێراق، زیانەکانی کەرتی کشتوکاڵی عێراقی بەهۆی وشکەساڵی، شەپۆلەکانی گەرما و کەمئاوییەوە بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار خەمڵاند. روانگەکە جەختی کردەوە، ئەو دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی خۆراک و ئابووریی وڵاتەکە دروست کردووە.

روانگەی سەوزی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، عێراق لە ساڵانی رابردوودا زیانی کشتوکاڵی بە بڕی یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری بەرکەوتووە. کەمئاوی هۆکارێکی سەرەکی بووە و وای کردووە نزیکەی نیوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق لە وەرزە هەستیارەکاندا لەکاربخرێن، هاوکات ساڵانە سەدان هەزار دۆنم زەویی شیاو بۆ کشتوکاڵ لەدەست دەچن.

لە راپۆرتەکەی روانگەکەدا هاتووە، بەپێی ئامارە فەرمی و نێودەوڵەتییەکان، بەبیابانبوون هەڕەشە لە رێژەیەکی بەرفراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکات، ئەوەش دەرەنجامی کەمبوونەوەی رووپۆشی سەوزایی و کەمیی رێژەی بارانبارینە. دانیشتووانی گوندەکان و ئاژەڵداران زیانی زۆریان بەرکەوتووە و ناچار بوون ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکانیان بفرۆشن، یان بەهۆی تینوێتی، برسیێتی و سوێریی ئاوەوە ئاژەڵەکانیان لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە، دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکان بووەتە هۆی هاتنەناوەوەی ئاوی سوێر و ناچارکردنی جووتیاران بۆ پشتبەستن بە بیرە ئاوییە ژێرزەوییەکان کە رێژەی سوێرییان زۆر بەرزە. ئەو دۆخە توانای بەرهەمداریی خاکی دەشتاییەکانی بۆ ئاستێکی نزم دابەزاندووە.

روانگەی سەوزی عێراق رایشیگەیاندووە، ئەو قەیرانانە ئاسایشی خۆراکیان خستووەتە مەترسییەوە و عێراقیان ناچار کردووە لە چەندین وەرزدا پلانە کشتوکاڵییەکان کەم بکاتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی پشتبەستنی زیاتر بە هاوردەکردنی خۆراک و فشارێکی زۆریشی لەسەر ئابووریی نیشتمانی دروست کردووە.