ئەگەری هەیە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچە رەوانە بکرێت

بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی رێکارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوبێت و بە ئەگەری زۆریشەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستەکە رەوانەی بەغدا دەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی ئامادەکردنی لیستی کۆتایی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و رەنگە ئەمرۆ یان سبەی لیستەکە ئامادەبێت.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان بە ئەگەری زۆرەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا دەکرێت.

رۆژی چوارشەممەی 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچە لەلایەن بەغداوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.