پۆلیسی وزەی عێراق ئەرکی پاراستنی بۆریی نەوت لە جورف سەخر دەگرێتە ئەستۆ

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری دا، پۆلیسی وزە پاراستنی بۆریی گواستنەوەی نەوت لە جورف سەخر بگرێتە ئەستۆ، هەروەها بڕیاری دا هێزی ناوچەکەش بە هێزێکی دیکە بگۆڕدرێت و لێکۆڵینەوەکانی زێدەڕۆیی سەر هێڵە گواستنەوەکەش رەوانەی دادگا بکات.

چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای چاکسازیی کەرتی ئەمنی کرد و چەند بڕیارێک بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی دران.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی زەیدی، لە میانی کۆبوونەوەکەدا جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ چاکسازیی کەرتی ئەمنی تاوتوێ کراوە و بەدواداچوون بۆ چەند دۆسیەیەکی پەیوەست بە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا کراوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە تەواوکردنی گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی بۆ وەزارەتی ناوخۆ، لە پاڵ پەسەندکردنی ئەو پلانە جێبەجێکارییانەی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پێشکەشیان کردووە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە راسپاردەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بۆ بەهێزکردنی رێکارەکانی حکوومەت لە پێناو پاراستنی سامانی نیشتمانی و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتدا، لیژنەکە بڕیاری داوە پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆریی گواستنەوەی نەوت لە ناحیەی جورف سەخر بگرێتە ئەستۆ و، ئەو هێزەش کە زەوییەکەی لەو ناوچەیەدا لەژێردەستدایە بگۆڕدرێت بە هێزێکی دیکە کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دیاری دەکات؛ هەروەها بڕیار دراوە ئەو لێکۆڵینەوانەی حکوومەت سەبارەت بە زێدەڕۆییەکانی سەر هێڵی گواستنەوە ئەنجامی داون رەوانەی دادگا بکرێن بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان دژی سەرپێچیکاران.

لیژنەکە جەختی لە بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی بە شێوەیەکی خولی کردووەتەوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی قۆناخەکانی چاکسازی، سەپاندنی ئاسایش و بەدیهێنانی سەقامگیری بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلەکەی بکات و، لە پێناو چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی بنەماکانی لێپرسینەوە و شەفافییەتدا.

سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی "جورف سەخر" کاردانەوەیەکی راستەوخۆی بڕیارەکەی 14ـی تشرینی دووەمی 2026ـی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو بۆ دوورخستنەوەی نۆ بەرپرسی باڵای ئەمنی و کەرتی نەوت. ئەم گۆڕانکارییانە کە هەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیسی بابل، فەرماندەی حەشد لە پارێزگاکە، فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆڕییە نەوتییەکانی گرتەوە، دوای ئەوە هاتن کە لێکۆڵینەوەکان پەردەیان لەسەر بوونی پاڵاوگەی نایاسایی و دەستدرێژیکردنە سەر سێ لقی بۆڕیی ستراتیجیی (بەسرە - حەدیسە) لەو سنوورەدا هەڵدایەوە.

ناوچەی جورف سەخر کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەغداوە دوورە، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2014 لە چنگی داعش دەرهێنرا. سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی 12 ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکەدا، هێشتا خەڵکە رەسەنەکەی لە ئاوارەییدا دەژین و دەسەڵاتی تەواوی ناوچەکەش بە دەست گرووپە چەکدارەکانەوە بووە.