کوردستان24 وردەکاریی رەشنووسی بودجەی 2027 بڵاودەکاتەوە

کوردستان24 رەشنووسی بودجەی 2027 بڵاودەکاتەوە، بەپێی رەشنووسەکە، پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 12.7%ـی کۆی خەرجییە فعلییەکان دیاریکراوە، تەنیا 9 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بە گرێبەست دادەمەزرێن. 

بەپێی مادەی 10ـی پڕۆژەیاساکە، پشکی هەرێمی کوردستان دوای لێدەرکردنی خەرجییە سیادییەکان، بە رێژەی 12.7%ـی کۆی خەرجییە فعلییەکان لەوانە خەرجیی حاکمە، جاری و وەبەرهێنان دیاریکراوە، ئەمەش بەپێی ئەو خشتەیەی لە پڕۆژەکەدا هاوپێچکراوە.

سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی شایستە داراییەکانی ساڵانی 2004 تا 2026، بڕی 9.3 ترلیۆن دینار دیاریکراوە کە دەبێت لە ماوەی حەوت ساڵدا پاکتاوبکرێت، بەجۆرێک ساڵانە نزیکەی 1.33 ترلیۆن دینار دەبێت، بەڵام دەقەکە دیاری نەکردووە کێ قەرزدارە.

لە بەرامبەر ئەم پشکەدا، هەرێمی کوردستان بە چەند خاڵێک پابەندکراوە؛ لەوانە بەبازاڕکردنی رۆژانەی 445 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، ئەمەش  بەپێی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی نەوتەوە پەسەندکرابێت.

هاوکات ئەگەر هەناردەکردن لە رێگەی جەیهان یان هەر دەروازەیەکی دیکەی فەرمییەوە نەگونجا، دەبێت هەرێمی کوردستان نەوتەکە رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات بۆ ئەوەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی تەرخان بکرێت.

هەروەها هەرێمی کوردستان پابەندکراوە بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە خەزێنەی گشتی بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی، هەروەها دەبێت هەرێمی کوردستان قەرزەکانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی کە بڕەکەی 3.4 ترلیۆن دینارە بداتەوە، بەڵام بە شێوەی قیستی مانگانە و لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت کە لە ساڵی 2027ـەوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەردەوام دەبێت، مانگانە نزیکەی 41 ملیار دینار دەبڕدرێت.

لە بەشێکی دیکەی پابەندییەکاندا هاتووە کە دەبێت هەرێمی کوردستان گازی زیادە لە پێداویستیی ناوخۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات، بەپێچەوانەوە نرخەکەی لە پشکەکەی دەبڕدرێت، هەروەها هەرێمی کوردستان بۆی نیە گرێبەست لە بوارەکانی نەوت و گاز لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیانی یان ناوخۆیی بکات، تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت.

لە بڕگەکانی دیکەی پڕۆژەکەدا، هەرێمی کوردستان لە چەند بوارێکی دیکەدا بەشدارە، لەوانە پرسی پترۆدۆلار کە 5%ـی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو یان نەوتی پاڵێوراو یان گازی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە تەرخان دەکرێت و بڕی 1.5 ترلیۆن دیناری بۆ دانراوە.

سەبارەت بە بواری ئاوەدانکردنەوەش، 3.5 ترلیۆن دینار بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان بەپێی ژمارەی دانیشتووان و هێڵی هەژاری دانراوە کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. لە بەرامبەردا، هەموو دامەزراندنێک لەسەر میلاکی هەمیشەیی و گرێبەست و شێوەگرێبەست لە هەرێمی کوردستان راگیراوە و پلە بەتاڵەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە، هاوکات 70 هەزار گرێبەستی مەدەنی بەپێی رێژەی دانیشتووان بەسەر هەرێمی کوردستان و پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت، ئەگەر بەپێی ئەو پشکە دابەشی بکەین کە بۆ هەرێمی کورستان دیاری کراوە، تەنیا هەشت هەزار و 900 کەس بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن. 

لە بەشی قەرزە دەرەکییەکاندا، قەرزی ئاژانسی "جایکا"ی ژاپۆنی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەتایبەت بۆ پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە ساڵی 2027. لە قەرزی نوێی جایکاشدا بە بڕی 700 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ کەرتی تەندروستی، تەنیا یەک ملیۆن دۆلاری بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە و 29 ملیۆن دۆلارەکەی دیکە بۆ وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵە.

لە خشتە داراییەکاندا، بودجەی هەرێمی کوردستان بە 12.86 ترلیۆن دینار مەزەندەکراوە کە دەکاتە 5.9%ـی کۆی گشتیی بودجە. لە بەشی کڕینی وزەشدا، بڕی 2.33 ترلیۆن دینار بۆ کڕینی وزە لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خۆی 970 ملیار دینار قەرزی هاوردەکردنی وزەی لەسەرە، بەڵام پڕۆژەکە هیچ پاکتاوکردنێک لە نێوان ئەم دوو بڕە پارەیەدا ناکات.

لە رەشنووسەکەدا، خەمڵاندنی داهاتی نەوت لەسەر بنەمای 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، لە کاتێکدا مادەی 10 هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە هەناردەکردنی 445 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. هاوکات ئەو خشتەیەی لە مادەی 10 ئاماژەی بۆ کراوە بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، لە پڕۆژەکەدا نییە، ئەمەش پرسیاری لەبارەی چۆنیەتیی وردبینیکردنی خەرجییە سیادییەکان دروستکردووە.