ئاژانسی هەواڵی عێراق: سبەی هێزێکی ئەمنیی هاوبەش لە جورف سەخر جێگیر دەکرێت

سبەی ئەو هێزە ئەمنییەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، لە ناوچەی جورف سەخر بڵاوەی پێ دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنیی حکوومەتی فیدراڵ بە ئاژانسی هەواڵەکانی عێراقی  (واع) راگەیاند، سبەی هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، هێزێکی ئەمنیی هاوبەش کە پێشتر رێککەوتنی لەسەر کراوە، لە ناوچەی "جورف سەخر" بڵاوەی پێ دەکرێت. 

ئەو پلانە ئەمنییە دوێنێ رۆژی چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، لە لایەن فەریق روکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پەسەند کراوە. 

بە گوێرەی پلانەکە، هێزەکان بەم شێوەیە بڵاوەیان پێ دەکرێت: 

- وەزارەتی بەرگری: لیوای 38 لە فیرقەی 10 ناوچەی نێوان بەربەستی "یا حوسێن" تا یەکتربڕی فازڵییە و سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار دەپارێزێت.

- وەزارەتی ناوخۆ: لیوای 17 ناوەندی ناحیەی "جورف سەخر" دەگرێتە دەست، لە رووباری فوراتەوە لە رۆژهەڵات تا رێگای "موسەییەب - فازڵییە" لە رۆژئاوا.

- حەشدی شەعبی: هەردوو لیوای 72 و 79 سنووری نێوان رێگای "موسەییەب - فازڵییە" لە رۆژهەڵات تا سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا دەپارێزن.

- پۆلیسی وزە: بەتالیۆنێکی پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکەدا دەگرێتە ئەستۆ.

- خاڵەکانی پشکنین: پۆلیسی بابل خاڵێکی پشکنین لە یەکتربڕی فازڵییە بەرەو شارۆچکەی موسەییەب دەکاتەوە، پۆلیسی ئەنباریش خاڵێکی دیکە بەرەو شارۆچکەی عامرییەی فەلووجە دادەنێت.

- کردنەوەی رێگاکان: رێگای "موسەییەب - بەهبەهانی - یەکتربڕی فازڵییە - عامرییەی فەلووجە" بە رووی هاتوچۆدا دەکرێتەوە.

- هێزی یەدەگ: بەتالیۆنی دژەتیرۆر لە سەربازگەی حامییە وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتی لە ئامادەباشیدا دەبێت بۆ هەر دۆخێکی لەناکاو.

گرژییەکانی ئەمدواییەی "جورف سەخر" دوای ئەوە هات لە 14ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نۆ بەرپرسی ئاسایش و نەوتی لە کارەکانیان لادا، لەوانە بەڕێوەبەری پۆلیسی بابل، فەرماندەی حەشدی پارێزگاکە، فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆڕییە نەوتییەکان، دوای ئەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەستکاریکردنی سێ لقی بۆڕیی ستراتیجیی بەسرە - حەدیسە و هەبوونی پاڵاوگەی نایاسایی لە ناوچەکەدا ئاشکرا کرد.

ناوچەی جورف سەخر بە دووریی نزیکەی 60 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای بەغدا، لە تشرینی یەکەمی 2014ـدا لە دەستی داعش رزگار کرا. لەو کاتەوە بۆ نزیکەی 12 ساڵە دانیشتووانەکەی ئاوارەن و ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکاندا بووە.