زەیدی: عێراق نابێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ محەمەد عەلی کۆمان، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوخۆی عەرەبی روونیکردەوە، حکوومەت لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چەکی بێ مۆڵەت بەردەوامە و ئەنجامی بەرچاویان لەو بوارەدا بەدەستهێناوە.

پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵە ئەمنییەکان و هەواڵگری لەنێوان وڵاتانی عەرەبیدا کردەوە و دووپاتیکردەوە، ئاسایشی عەرەبی یەکە و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوام هەیە. زەیدی روونیکردەوە، عێراق بەشێکی گرنگە لە سیستم عەرەبی و داوای چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کرد بەهۆی قەیران و رووداوەکانەوە لە وڵاتانی عەرەبیدا دروستبوون، هەروەها جەختی لە کارکردن بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی کاری هاوبەشی عەرەبی کردەوە.

زەیدی لە شەش مانگەی تەمەنی دەسەڵاتیدا رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی لەگەڵ ژمارەیەک گرووپی چەکداریی نزیک لە ئێران هەبووە، کە دیارترینیان کەتائیبی حیزبوڵڵایە. لە مانگی ئایاری رابردووەوە بووەتە سەرۆکوەزیران، سوورە لەسەر بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەک لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتدا، هاوکات هەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی چڕکردووەتەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ ئەو گرووپانە دەستپێکردووە بۆ ئەوەی چەکەکانیان رادەست بکەن. تا ئێستا سێ گرووپ وەڵامی ئەو بڕیارەیان داوەتەوە، لە کاتێکدا گفتوگۆکان لەگەڵ پێنج گرووپی دیکە بەردەوامن بۆ ئەوەی دەستبەرداری چەکەکانیان ببن.