پرۆسەی ئاشتی، وەزیری ناوخۆی تورکیا و هەشت پارێزگاری باکووری کوردستان کۆدەکاتەوە
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە دێرسیم سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی دەکات و لەگەڵ فەرماندەی گشتیی جەندەرمە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش و هەشت پارێزگاری باکووری کوردستان، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە تاوتوێ دەکات.
ئەم لووتکەیە لە چوارچێوەی ستراتیژیی پڕۆسەی ئاشتی ساز دەکرێت و ئامانج لێی هەڵسەنگاندنی وردی هەنگاوە ئەمنییە مەیدانییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی ناوچەییە.
لە دانیشتنەکانی لووتکەکەدا، هەریەکە لە عەلی چارداکچی، فەرماندەی گشتیی جەندەرمە و عەلی فیدان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش، لەگەڵ پارێزگارانی دێرسیم، سەمسوور، بایبورت، خارپێت، ئەرزینجان، ئەرزەڕۆم، مەڵەتی و رحا بەشدار دەبن.
بەشداربووان بە وردی دوایین زانیارییە هەواڵگرییەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچە گوندنشینەکان و هێڵە سنوورییەکان هەڵدەسەنگێنن، هاوکات لێکۆڵینەوە لە توانای هاوبەشی ئۆپەراسیۆنیی جەندەرمە و ئاسایش دەکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەوەی پارێزگارەکان راپۆرتی خۆیان پێشکەش دەکەن، حکوومەتی تورکیا راگەیاندراوێکی فەرمی لەبارەی ستراتیژییە ئەمنییە نوێیەکانی ناوچەکە بڵاو بکاتەوە.