سەنتەری میترۆ : پێویستە دەرفەت بە گفتوگۆی سیاسیی دانوستانکاران بدرێت
ئەمڕۆ شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆدەبنەوە. پێشبینی دەکرێت ئەو کۆبوونەوەیە، چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی بەدوادا بێت.
سەرەڕای ئەمەش، بەشێک لە میدیا سێبەرەکان و هەندێک جار میدیا فەرمییەکانیش، کاتێکی زۆریان بۆ شەڕی یەکتری شکاندن تەرخان کردووە. لەم بارەیەشەوە، رێکخەری سەنتەری میترۆ داوای راگرتنی ئەو شەڕە میدیاییەی کرد.
رێکخەری سەنتەری میترۆ داوا دەکات هەموو لایەک شەڕی یەکتری شکاندن، زۆنچێتی، تۆخکردنەوەی کینەی کۆن، شێواندنی راستییەکان و تێکدانی رۆحی پێکەوەیی رابگرن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێویستە دەرفەت بە گفتوگۆی سیاسیی دانوستانکاران بدرێت و کەشێکی گونجاو لە گوتاری میدیاییدا بڕەخسێنرێت، بە جۆرێک پرۆسەی سیاسی زیانی پێ نەگات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ ئەمڕۆ شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەتەوە و کۆبوونەوەکە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.
ئەندامانی شاندی پارتی:
- مەحموود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی.
- پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
ئەندامانی شاندی یەکێتی:
- رێواس فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
- یوسف گۆران، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
ئەم کۆبوونەوەیە وەک یەکەمین دیداری فەرمیی نێوان هەردوو لایەن لە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەم مانگەدا دێت و وەک دەستپێکێک بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان سەیر دەکرێت، کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت، بەتایبەت دوای پێشهاتەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمان.
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2026، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار (فراکسیۆنی پارتی، پێکهاتەکان و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە) کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد، کە تێیدا ڤالا فەرید بە سەرۆک، رامین نووری عەودی بە جێگر و مونا نەبی قەهوەچی بە سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردران.