عێراق ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگر دەکڕێت
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانیان هەیە 10 کەشتیی نەوتهەڵگر بکڕن بەمەبەستی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و هەناردەی نەوت، گوتیشی، بەم هەنگاوە داهاتێکی زیاتر بۆ گەنخینەی دەوڵەت دابین دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، باسم محەممەد خزەیر بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەتی نەوت لە ماوەی رابردوودا پلانی هەبوو کەشتی نەوتهەڵگر بۆ کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت ئامادە بکات، بەڵام بەهۆی سنوورداریی بودجەی تەرخانکراو و بوونی کاری دیکەی گرنگ وەک توانای هەناردەکردن و دامەزراوەکانی تایبەت بەو بوارە، وەزارەت ناچار بوو پشت بەو کەشتییانە ببەستێت کە بە کرێ دەیانگرێت.
وەزیری نەوت روونیکردەوە، گرێبەستی هاوبەش لەنێوان کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی عێراق و خاوەن کەشتییەکان واژۆ دەکات. هاوکات لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیان هەیە بەمەبەستی دابینکردنی بودجەیەکی دیاریکراو بۆ کڕینی لانی کەم 10 کەشتیی نەوتهەڵگر، تا پشتیوانی لە گواستنەوەی نەوت بکرێت.
باسم محەممەد دووپاتیکردەوە، کڕینی کەشتیی نەوتهەڵگر ئەو تێچووە داراییە بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە کە پێشتر بۆ بەکرێگرتن خەرج دەکرا.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نەوت، ئێستا عێراق خاوەنی 6 کەشتیی نەوتهەڵگری مامناوەند و بچووکە.