ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف و برایەکی بە تۆمەتی قاچاخچێتی نەوت دەستگیرکران

راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمەکانی، دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند پشکنینی مەیدانیی بۆ شوێنی زێدەڕۆیی سەر یەکێک لە بۆرییە نەوتییەکان لە پارێزگای نەجەف ئەنجامداوە، دەکەوێتە نێو پارچە زەوییەکەوە و خاوەندارێتییەکەی بۆ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا سەرۆکی لیژنەی وزەیە، لەگەڵ براکەی دەگەڕێتەوە.

 شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026 ، بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەم پشکنینە لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەدا بووە لەبارەی گومانی بوونی ئۆپەراسیۆنەکانی بەقاچاخبردنی نەوت بەڕێوەدەچن. دادوەرە تایبەتمەندەکە روونیکردووەتەوە ، ئەنجامی پشکنین و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بوونی بەقاچاخبردنی نەوتیان لە رێگەی بۆرییە ئاماژەپێکراوەکەوە دەرخستووە.

لە ژێر رۆشنایی ئەو ئەنجامانەدا، دادگا بڕیاری دا پێنج ئەفسەر و سێ کارمەندی پۆلیسی وزە بۆ لێکۆڵینەوە دەستبەسەر بکرێن، هەروەها دوای ئەوەی لە وتەکانیاندا زانیاری هاتە ئاراوە کە ئاماژە بە دەستوەردانی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا و براکەی لە رووداوەکەدا دەکات، دادگا بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەردووکیان دەرکردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا لە زاری دادوەرەکەوە ئەوەش خراوەتەڕوو کە لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی پێشتر ئەو دوو کەسە خەندەقێکیان هەڵکەندووە لە هەموو لایەکەوە دەوری پارچە زەوییەکەی داوە، بە جۆرێک رێگری لە چوونەژوورەوەی کەسان و ئاگاداربوون لەو چالاکییانە بکات لە ناویدا بەڕێوەدەچن. سەبارەت بەو زانیارییانەشی کە لە ناوچەکەدا لەبارەی گومانی بوونی چالاکیی دیکەی نایاسایی، لەوانە بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان، بڵاو بوونەتەوە، رایگەیاند، هێشتا لە قۆناخی بەدواداچوون و پشکنیندان.

لە کۆتاییدا، دادگا جەختی لە بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان کردووەتەوە بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی دۆسیەکە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییە یاساییەکان، هەروەها گرتنەبەری رێکاری پێویست بەرامبەر هەر کەسێک کە تێوەگلانی بسەلمێنرێت بەپێی یاسا، لە پێناو پاراستنی سامانی نیشتمانی و دارایی گشتیدا.

ئەم لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی نەوتی نەجەف و فەوجی یەکەمی سەر بە لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هۆبەی هەواڵگری، دەستیان بەسەر مۆڵگەیەکی گەورەی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا گرتووە لە پارێزگای نەجەف و تۆمەتبارێکیشیان لەناو مۆڵگەکەدا دەستگیر کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری کەنتەردا گیراوە کە 20 بەرمیلی 220 لیتریی هەڵگرتبوو، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی 12 تانکیی ئاسنی قەبارە گەورە کە سەرجەمیان پڕبوون لە بەرهەمی نەوتیی بڕ و جۆر نەزانراو. تۆمەتبارەکە و دەستبەسەرداگیراوەکان رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون بۆ دادگاییکردنیان بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمەکانی ژمارە ٤١ـی ساڵی 2008.