زیادبوونی ئاستی دابینکردنی نەوت نرخەکەی دابەزاند

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دابینکردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستپێکردنەوەی کارکردنی بۆرییەکی نەوتی لیبیا، نرخی نەوت بە رێژەی زیاتر لە 3% دابەزی. ئەم گۆڕانکارییە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لەو نیگەرانییانەی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان و پاڵاوگەکان لە ناوچەکەدا هەبوون، کەم ببنەوە.

دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی برێنت بە بڕی 3.25 دۆلار، کە دەکاتە 3.51% دابەزین، گەیشتە 89.32 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە بڕی 2.97 دۆلار، یان 3.56% دابەزی و بە 80.44 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.

بەیانی ئەمڕۆ، گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی برێنت 28 سەنت، یان 0.30% دابەزی و گەیشتە 92.29 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. لە بەرامبەردا گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 15 سەنت، یان 0.18% دابەزی و گەیشتە 83.26 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

سەرۆکی دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتی لیبیا بە رۆیتەرز-ی گوت: "ئەمڕۆ دووشەممە بۆری کێڵگەی نەوتی شەڕارە کرایەوە و پرۆسەی هەناردنی نەوت دەستیپێکردەوە." ئەو بەرپرسە روونیکردەوە نەوت دەستی بە رۆیشتن کردووە بەرەو تانکەرەکانی کۆگاکردن لە دامەزراوەکانی ئەکاکۆس لە زاویا.

بانکی جی پی مۆرگان پێشبینی دەکات لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2027 بەهۆی بوونی زیادەی دابینکردن، گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوت بۆ ئاستی نێوان 70 بۆ 79 دۆلار دابەزێت. ئەمەش بەو پێیەیە بەرهەمهێنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەرەوەی ئێران لە ساڵی داهاتوودا بەرز دەبێتەوە، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ئاستی دابینکردن لە باکووری ئەمریکا و باشوور بە سەرکردایەتیی ئەمریکا.

بانکی ئۆف ئەمریکا رایگەیاند فاکتەرە جیۆپۆلیتیکییەکان وەک بزوێنەری سەرەکیی نرخی نەوت دەمێننەوە. ئەمەش بەو هۆیەیە کەمبوونەوەی کۆگاکانی نەوت لە ئاستی جیهانیدا، زۆربەی وڵاتانی تووشی مەترسیی تێکچوونی دابینکردنی نەوت کردووە.

کریس بوشامب، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕ لە ئای جی گوتی: "ئەمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی نیشانەکانی بوونی زیادەی دابینکردن. لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر رۆژێک، ئەگەری ئەوەی ترەمپ هێرشێکی نوێ بکات، کەمتر دەبێتەوە."

گرووپی حوسییەکانی یەمەن، کە هاوپەیمانی ئێرانن، یەکشەممەی رابردوو رایانگەیاند هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی سعوودیە. هاوکات دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا لە کۆتایی هەفتەدا باسی لە چەند هێرشێک کرد بۆ سەر کەشتییەکان لە کەنداو و نزیک گەرووی هورمز.

بەحرەین رایگەیاند هێرشێکی ئێرانی شەممە بنکەیەکی پیشەسازیی مەدەنی کردووەتە ئامانج. لە کاتێکدا سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند هێرشێکی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو شانشینە کردووە کە میوانداریی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا دەکات.

تاماس فارجا، شرۆڤەکار لە پی ڤی ئێم گوتی: "بێباکییە ئەگەر بگەینە ئەو ئەنجامەی دابینکردنی نەوت بە بێ پچڕان و بە بڕی زۆر بەردەوام دەبێت. هێرشە ئێرانییەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، دەرئەنجامی دەبێت."

لە تورکیا، دانوستانەکانی یەکشەممەی رابردوو لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (کۆپ 31) بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2009ـوە تێکچوون. ئەوەش دوای ئەوە هات وڵاتان نەیانتوانی بگەنە رێککەوتنێک لەسەر ئەوەی راگەیەندراوێک سەبارەت بە وازهێنانی پلەبەپلە لە سووتەمەنیی بەردین لە دەقی کۆتایی رێککەوتنەکەدا جێگیر بکرێت.

چاودێران لە لوتکەکەدا باسیان لەوە کرد کە سعوودیە و چەند وڵاتێکی گەورەی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت گوتوویانە سووتەمەنیی بەردین لە داهاتوویەکی نزیکدا رۆڵی دەبێت. ئەم وڵاتانە گوشاریان خستووەتە سەر ئەوەی هەر ئاماژەیەک بۆ سووتەمەنیی بەردین لە دەقەکەدا بسڕدرێتەوە.

وەزیرانی کۆمەڵی ئۆپێک پڵەس لە 29ـی تشرینی دووەمدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە دەکەن بۆ دیاریکردنی سیاسەتی بەرهەمهێنان بۆ ساڵی 2027. ئەو کۆمەڵەیە وڵاتانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانیان وەک رووسیا لەخۆ دەگرێت.