زانکۆی سەڵاحەدین بە سیستەمێکی دیجیتاڵی چاودێریی باری تەندروستیی قوتابیان دەکات
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و سەلامەتی لە زانکۆی سەڵاحەدین رایدەگەیەنێت، بۆ کۆتاییهێنان بە شێوازی کۆن و کاغەزی و دەستەبەرکردنی فریاگوزاریی خێرا، سیستەمێکی دیجیتاڵیی پارێزراویان بۆ تۆمارکردن و چاودێریکردنی دۆخی تەندروستیی قوتابیان خستووەتە کار؛ ئاشکراشی دەکات کە لە سەرۆکایەتیی زانکۆ زۆربەی هەرە زۆری کاروبارەکان بە دیجیتاڵی کراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاریان حوسێن دزەیی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و سەلامەتی لە زانکۆی سەڵاحەدین، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، بیرۆکەی دروستکردنی ئەم سیستەمە دیجیتاڵییە لە پێداویستییەکی کردەیی و مرۆییەوە سەرچاوەی گرتووە، تا بەڕێوەبەرایەتییەکەیان زانیاریی دروست، رێکخراو و خێرای هەبێت سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ئەو قوتابیانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە یان حاڵەتی تەندروستیی تایبەت و کتووپڕیان تووش دەبێت، بەبێ ئەوەی کارەکان پشت بە رێگەی کۆن و کاغەز ببەستن.
ئاریان حوسێن دزەیی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە هاوتایە لەگەڵ رەوتی گشتیی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاری و کاروباری هاووڵاتییان کە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی وەک یەکێک لە کارە لەپێشینە و دیارەکان کاری لەسەر کراوە بۆ خێراکردن و رێکخستنی مامەڵەکان؛ گوتیشی، "ئامانجی سەرەکیمان لەم سیستەمەدا ئەوەیە کە داتای تەندروستیی قوتابیان بە شێوەیەکی دیجیتاڵی و پارێزراو کۆبکرێتەوە و شیکار بکرێت، تا بتوانرێت بە شێوەیەکی زانستی و خێرا چاودێریی تەندروستییان بکرێت و لە کاتی پێویستدا بڕیار و فریاگوزاریی دروستی لەسەر بدرێت."
لەبارەی سوود و چاودێریکردنی قوتابیان دوای تۆمارکردن، بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتیی زانکۆی سەڵاحەدین روونیکردەوە، دوای ئەوەی قوتابی زانیاریی تەندروستیی خۆی لە سیستەمەکەدا تۆمار دەکات، داتاکان دەچنە ناو داتابەیسێکی رێکخراوەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن بەپێی پێویست ئامار و دۆخەکان ببینن و هەڵسەنگاندنی کردەییان بۆ بکەن.
هەروەها گوتیشی، "ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی لە کاتی تاقیکردنەوەکان، لە هۆڵەکانی خوێندن، چالاکییە زانکۆیی و وەرزشییەکان، یان لە بەشە ناوخۆییەکان و کاتی مانەوەی قوتابی لە کەمپەس، هۆشیاری و ئامادەیی زیاتر هەبێت بەرامبەر ئەو حاڵەتانەی پێویستیان بە چاودێری یان مامەڵەی تایبەت هەیە؛ هەروەها زانیاریی کەسی پەیوەندیدار و فریاگوزاری لەبەردەستدا دەبێت تا لە حاڵەتی نەخوازراودا بە خێرایی و بە شێوەیەکی بەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."
دەربارەی میکانیزمی هەماهەنگی ئەگەر قوتابییەک لە کاتی دەوامی فەرمیدا باری تەندروستیی تێکبچێت، ئاریان حسێن دزەیی جەختی کردەوە، بەو پێیەی قوتابیان زۆرترین کاتیان لە کاتی دەوام و وانەکاندا بەسەر دەبەن، لە ئەگەری تێکچوونی باری تەندروستیی هەر قوتابییەکی تۆمارکراودا، میکانیزمی کارکردن لەسەر بنەمای هەماهەنگیی خێرا و روون دەبێت لە نێوان کۆلێژ یان شوێنی حاڵەتەکە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و سەلامەتی و سەرۆکایەتیی زانکۆ.
ئاشکراشی کرد، سەرەتا تیم یان لێپرسراوانی پەیوەندیدار لە کۆلێژەکە فریاگوزاریی سەرەتایی و بەدواداچوونی دەستبەجێ دەکەن و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەماهەنگ دەبن بۆ رێنماییکردن یان گواستنەوەی حاڵەتەکە بۆ ناوەندە تەندروستییە پەیوەندیدارەکان، زانیاری و راپۆرتی پێویستیش لەگەڵ سەرۆکایەتیی زانکۆ هاوبەش دەکرێت تا دڵنیا بن لە سەلامەتیی تەواوی قوتابییەکە. ئاماژەی بەوەش دا کە لە هەموو کۆلێژ، بەڕێوەبەرایەتی و سەنتەرەکانی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەدیندا نوێنەر و هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی بە بەرپرس و فەرمانبەرەوە هەن و بەردەوام بەدواداچوون دەکەن.
لەبارەی گەرەنتیی تەکنیکی و کارگێڕی بۆ پاراستنی نهێنی و تایبەتمەندیی داتاکان، بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی دووپاتی کردەوە، "لەبەرئەوەی زانیاریی تەندروستی داتایەکی هەستیاری کەسییە، سیستەمەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە داتاکان بە شێوەیەکی پارێزراو و کۆنترۆڵکراو هەڵبگیرێن و لە دەستڕاگەیشتنی هەڕەمەکی یان گشتی دوور بن."
ئەوەشی خستە روو، لە رووی تەکنیکییەوە داتاکان لە رێگەی کەناڵی پارێزراو و داتابەیسی تایبەتەوە دەگوازرێنەوە و ناخرێنە بەردەستی هەموو کەسێک؛ لە رووی کارگێڕیشەوە تەنها کەسانی رێگەپێدراو و بەرپرس لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و سەلامەتی و سەرۆکایەتیی زانکۆ مافی بینین و مامەڵەکردنیان هەیە.
دووپاتیشی کردەوە، "ئەم داتایانە تەنها بۆ مەبەستی سەلامەتی، چاودێریی تەندروستی و فریاگوزاریی خودی قوتابی بەکاردەهێنرێن نەک هیچ مەبەستێکی تر، واتە ئەمانەت و نهێنیی پارێزراون."
راشیگەیاند، لە داهاتوودا بوارەکانی دیکەی پەیوەست بە کاروباری قوتابیان و بەڕێوەبردنیش زیاتر بەرەو دیجیتاڵی هەنگاو دەنێن تا زانکۆ ببێتە ژینگەیەکی زیرەک و کاراتر، ئاماژەی بەوەش دا: "سەبارەت بە سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەدین، زۆربەی کارەکان بە دیجیتاڵ کراون و بووەتە سیستەم، تەنها بەشێکی زۆر کەمی ماوە کە لە نزیکترین کاتدا هەمووی دەبێتە سیستەمی دیجیتاڵی."