ئایزینکۆت: دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت هیچ پێشکەوتنێکیان نییە

سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو دانوستانانەی ئامانجیان پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکێتیی نیشتمانییە لەگەڵ پارتی لیکود بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبینیوە.

گادی ئایزینکۆت، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل و سەرۆکی پارتی ناوەڕاستڕەوی یاشار، لە پۆستێکدا لە سەکۆی ئێکس روونیکردەوە، پارتی لیکود رەتی کردووەتەوە لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان سازش بکات، لەوانەش داواکارییەکەی بۆ دوورخستنەوەی توندڕەوەکان لە حکوومەت. لە دوو هەفتەی رابردوودا، دانوستانکارانی هەردوو پارتەکە پێنج کۆبوونەوەیان کردووە.

ئایزینکۆت نوێنەرانی لیکودی بەوە تۆمەتبار کرد کە کات دەکوژن و خەریکی خۆدزینەوەن تا ئەو وادەیەی بۆ پێکهێنانی حکوومەت پێیان دراوە لە 6ـی کانوونی یەکەمی داهاتوو کۆتایی دێت، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی وڵات بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە ببەن.

سەرەڕای ئەمەش، ئایزینکۆت جەختیکردەوە لە بوارەکانی دیکەدا پێشکەوتن هەبووە، چونکە رێککەوتنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی ئیسرائیل بیتینای راستڕەو و پارتی دیموکراتەکانی چەپڕەو واژۆ کراوە، هەروەها روونیکردەوە لەگەڵ پارتێکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنیش کار دەکات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.

ئەگەری ئەوەش هەیە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتی ئایزینکۆت حکوومەتێک پێکبهێنن بە بەشداریی پارتە ئایینییە توندڕەوەکان (حەریدیم)، کە تا ماوەیەکی کەم لەمەوبەر سەر بە بەرەی سیاسیی ناتانیاهۆ بوون.

ئەو پارتانە مەرجی ئەوەیان هەیە لێخۆشبوونی بەرفراوان لە خزمەتی سەربازی بۆ جووە ئایینییەکان وەربگرن، لەکاتێکدا ئایزینکۆت وەک سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپا پێداگری لەسەر سەپاندنی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بەسەر هەموو هاووڵاتییاندا دەکات.

هەروەها ئایزینکۆت پێشنیازی پێکهێنانی حکوومەتێکی کەمینەی کردووە کە پشت بە پشتیوانیی پارتە عەرەبییەکان لە کنێست دەبەستێت.