ئاگرەکەی پێنجوێن فراوان دەبێت؛ داوای فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە دەکرێت
ئاگرێکی فراوان سنووری پێنجوێنی گرتووەتەوە و سێ کەس بریندارن؛ داوای هاوکاری فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە دەکرێت.
لە ئێوارەی ڕۆژی هەینییەوە، 29ـی ئابی 2025، ئاگرێکی گەورە چەند گوندێکی سنووری شارۆچکەی پێنجوێنی گرتووەتەوە و تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە، بەهۆیەوە بەشێکی زۆری دارستانەکانی ناوچەکە سووتاون و سێ کەسیش بریندار بوون.
ئاسان محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند، لەنێو بریندارەکاندا سەردار ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ژینگە و دارستانی پێنجوێن هەیە، کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازراوەتەوە سلێمانی.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، بە هاوکاریی تیمە خۆبەخشەکان و پۆلیسی ژینگە، بەهۆی فراوانبوونی خێرای ئاگرەکە و ئاستەنگەکانەوە، نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن. داوا دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە، تیمەکانی فڕۆکەوانی و فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە بەهانایانەوە بچن.
پێنجوێن، کە شارۆچکەیەکی شاخاوی و سنوورییە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی و نزیک سنووری عێراق و ئێرانە، زۆرجار ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانیدا دەبێتەوە.
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەم ناوچەیەدا بوونی ژمارەیەکی زۆر مین و تەقەمەنی جەنگیی پاشماوەی شەڕی عێراق-ئێرانە، کە ڕێگری لە نزیکبوونەوەی تیمەکان دەکات و گیانیان دەخاتە مەترسییەوە. ئەمە وادەکات پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگر زۆر سەخت بێت و زۆرجار تیمەکان ناچارن چاوەڕێ بکەن تا ئاگرەکە دەگاتە ناوچەیەکی بێ مین.
هەرێمی کوردستان بە گشتی بەهۆی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ساڵانە ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر ئاگرکەوتنەوە دەبێتەوە کە زیانێکی زۆر بە ژینگە و دارستانەکانی دەگەیەنێت. لە وەرزی هاوینی ئەمساڵیشدا، پێنجوێن زیاتر لە 20 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی تێدا تۆمارکراوە کە بووەتە هۆی سووتانی هەزاران دۆنم زەوی و دارستان.
ئاگرەکە، کە کاریگەریی تەندروستیشی لەسەر دانیشتووان دروستکردووە، تا ئێستا بەردەوامە و هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لە کاتێکدا بەردەوامن کە مەترسیی تەشەنەسەندنی زیاتر لە ئارادایە.