هاووڵاتییانی به‌غدا له‌ كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌كان نیگه‌رانن

ساڵانە گەورەترین پشکی بودجە بۆ پارێزگای بەغدا داده‌نرێت

K24 - بەغدا

هاووڵاتییان لە بەغدا توڕە و نیگەرانن لە خراپی دۆخی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵانە گەورەترین پشکی بوودجە بەر بەغدا دەکەوێت. شارەزایەکی ئابوریش دەڵێت: گەندەڵی عێراق لە بەغداوە هەڵدەقوڵێت، بۆیە پایتەختی عێراق لە خراپترین حاڵی بێ خزمەتگوزاریە و بە جۆرێک فەرامۆشکراوە کە هیچ سیمایەکی پایتەختبوونی پێوە دیار نییە.

هەیسەم روبێعی، هاووڵاتییەکی دانشتووی ناوچەی دۆرەیە لە بەغدا، کە یەکێک لە کۆنترین گەڕەکەکانی ئەو شارە، بە پشتێکی چەماوە و تەمەنێکی زۆرەوە، دەردە دڵەی نەبوونی خزمەتگوزاری گەڕەکەکەیان دەکات و دەڵێ: "بودجە بە من چی پارەی ئەم وڵاتە تەنها بۆ گیرفانی بەرپرسەکان و ئێمەش لەناو مێش مەگەز تووشی دەیان نەخۆشی بووین".

دەشڵێت: "ئێمە چ سوودێکمان لە بوودجە بینیوە؟ بەرپرسەکان دەیخەنە گیرفانی خۆیانەوە، هاووڵاتی داماویش لە شوێنی خۆی ماوەتەوە، بەرپرسان مووچەی خۆیان وەردەگرن، دەبێ ئاوڕیش لە خەڵک بدەنەوە، نە ئاو هەیە نە کارەبا هیچ خزمەتگوازریەکمان نییە، ئاخر ویژدانیان نییە".

ساڵانە لەنێو پڕۆژە بوودجەی گشتی عێراق گەورەترین پشک بەر بەغدا دەکەوێت، کەچی ئەو بوودجەیە رەنگدانەوەی بەسەر شەقام و کوچە و کۆڵان و گوزەرانی دانیشتووانی پایتەختەوە نییە، شرۆڤەکارێکی ئابووری پێیوایە گەندڵی عێراق لە بەغداوە هەڵدەقوڵێت، ئەمەش بە زیانی ھاووڵاتییان تەواو بووە.

جەلیل لامی، شرۆڤەکاری ئابووری بە کوردستان24ی گوت: "بەغدا بە ئەنقەست فەرامۆش کراوە، زۆربەی گەڕەکەکانی و چواردەوریشی خزمەتگوزاریان نییە، چونکە پلانی ستراتیژی نییە و حکومەتیش هیچ دیدگەیەکی بۆ ئاوەدانەکردنەوەی نییە، تاکو بزانێت چۆن پڕۆژەی پێ بگەیەنێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە گەندەڵی لە ناو بەغداوە هەڵدەقوڵێت".