ئاماری قوناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ ده‌خرێته‌ڕوو

دژه‌ تیرۆر گه‌ڕه‌كی وه‌حده‌ كۆنترۆڵ ده‌كات

K24 – هه‌ولێر

هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراق گەڕەكی وەحدە لە بەری چەپی موسڵ كۆنترۆڵ دەكه‌ن و دەست بە سەر ریگای موسڵ ـ كەركوكیش دەگرن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ كۆنترۆڵكردنی چه‌ندین گه‌ڕه‌كی به‌ری چه‌پی موسڵ و كوشتنی زیاتر له‌ 250 چه‌كداری داعش له‌ قۆناغی دووه‌م ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ راگه‌یاند.

قوناغی دووومی ئۆپەراسیۆنی موسڵ رۆژی 29 تشرینی دووه‌می 2016 بۆ رزگاركردنی گەڕەكەكانی دیكەی بەری چەپی موسڵ دەستیپێكرد، پاش ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ 40 گه‌ڕه‌ك لە كۆی 65 گەڕەكی بەری چەپی موسڵ لە قوناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە كۆنترۆڵ كران.

له‌ قوناغی دووه‌مدا باس له‌ كۆنترۆڵكردنی نزیكه‌ی 10 گه‌ڕه‌كی دیكه‌ی به‌ری چه‌پی موسڵ ده‌كرێت.

"عبدالامیر رشید یارالله" لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "ھێزەكانی دژە تیرۆر ناوچەی پیشه‌سازی له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌رامه‌ و گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی و كۆمپانیای مێرسێدێس، سایلۆ، كارگه‌ی ئارد و كۆمه‌ڵه‌یه‌كی بازرگانییان رزگار كرد".

هه‌روه‌ها باس له‌ كوژرانی 75 چه‌كداری داعش و ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی كارگه‌ی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبه‌كراو و چه‌ندین ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و تانكێكی تی 72 له‌ به‌ری چه‌پی موسڵ كرد.

فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ له‌باره‌ی میحوه‌ری باشوور له‌ به‌ری چه‌پی موسڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "هێزه‌كانی پۆلیسی فیدرال و فیرقه‌ی زرێپۆشی نۆ، گه‌ڕه‌كی میساقیان كۆنترۆل كرد كه‌ له‌م شه‌ڕه‌دا حه‌وت ئۆتۆمبێلی داعش له‌ناو بران و 93 چه‌كداریشی له‌ نزیك رووباری دیجله‌ كوژران".

به‌یاننامه‌ی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ كه‌ به‌ ئۆپه‌راسیۆنی "هاتین نه‌ینه‌وا" ناونراوه‌ له‌باره‌ی میحوه‌ری باكووری موسڵ رایگه‌یاند هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانیویان پاش بۆردومانێكی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كه‌ 11 چه‌كداری داعشی كوشت، ناوه‌ندێكی هاوێشتنی هاوه‌نی چه‌كدارانی داعش بروخێنن.

له‌ رۆژئاوای موسڵ و قه‌زای تله‌عفه‌ریش باس له‌ كوژرانی 80 چه‌كداری داعش له‌ بۆردومانێك بۆ سه‌ر گوندی "عین طلاوی" له‌ رۆژئاوای تله‌عفه‌ر ده‌كات.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێپیكرد و پاش كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی ناوچه‌كانی باكوور، رۆژهه‌ڵات و باشووری ده‌وروبه‌ری موسڵ، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌ری چه‌پی شاره‌كه‌ش كۆنترۆڵكراون و پێشبینی ده‌كرێت به‌ كۆنترۆلكردنی ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كانی، كوتایی به‌ قوناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بهێت.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ ھیچ ئاماژەیەك بە زیان و قوربانییەكانی ھێزەكانی عێراقی لە قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكە نەكرد.