ترەمپ: هەفتەی داهاتوو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران خاپوور دەکەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند دەداتە تاران و رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئێران نەیەتە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتن واژۆ نەکات، مەودای هێرشەکانیان فراوانتر دەکەن و وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئەو وڵاتە وێران دەکەن. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، ئەگەر تاران رێککەوتن واژۆ نەکات، لە هەفتەی داهاتووەوە هێرشەکان وێستگەکانی کارەبا و پردەکانیش دەگرێتەوە. ترەمپ گوتی: "هەفتەی داهاتوو بۆ ئەوان زۆر خراپ دەبێت، چونکە وێستگەکانی کارەبا و پردەکان دەکرێنە ئامانج. هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانیان تێکدەدەین مەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانووستان."

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا رۆژی سێشەممە گفتوگۆی لەگەڵ ئێران هەبووە و داوای لێکردوون رێککەوتن بکەن. جەختیشی کردەوە: "ئێران هێشتا هەندێک توانای شەڕکردنی ماوە بەڵام زۆر نییە، هێرشەکانیش تا ئەو کاتە بەردەوام دەبن کە من بڕیار دەدەم بەسە."

هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، سوپای ئەمریکا دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی هەمەلایەنەی بۆ سەر ئەو کەشتیانە راگەیاند کە روو لە بەندەرەکان و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران دەکەن یان لێیانەوە دەردەچن. سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، لە کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا گەمارۆکە دەستیپێکردووە و زیاتر لە 20 کەشتی جەنگی و سەدان فڕۆکەی سەربازی لە ناوچەکەدا لە ئەرکدان.

لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان بۆردومانی چەندین پێگەی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران کردووە بۆ لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی دروست بوون. میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش پشتڕاستیان کردەوە کە چەندین مووشەکی ئەمریکی بەر ئامانجێک لە دوورگەی "قیشم" لە گەرووی هورمز کەوتوون، بەڵام وردەکاری زیانی هێرشەکەیان بڵاونەکردەوە.