سێنتکۆم: کۆتایی بە گەڕێکی دیکەی هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران هات
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆتاییهاتنی خولێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران راگەیاند، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە تاران و دەڵێت، ئەگەر نەیەنە سەر مێزی گفتوگۆ، هەفتەی داهاتوو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئەو وڵاتە خاپوور دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 15ی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردەوە، رۆژی 14ی تەمموز خولێکی دیکەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران جێبەجێ کران. سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە "دەیان ئامانجی سەربازی لە نزیک گەرووی هورمز و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، فڕۆکە جەنگییەکان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و کەشتییە جەنگییەکان، چەندین مووشەکی وردیان ئاراستەی پێگەکانی مووشەک و درۆنەکانی ئێران کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، ئەگەر تاران رێککەوتن واژۆ نەکات، هەفتەی داهاتوو مەودای هێرشەکان فراوانتر دەکەن. ترەمپ گوتی: "هەفتەی داهاتوو بۆ ئەوان زۆر خراپ دەبێت، چونکە وێستگەکانی کارەبا و پردەکان دەکرێنە ئامانج. هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانیان تێکدەدەین مەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانووستان."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە رێککەوتن بکات، بەڵام تا ئەو کاتەی خۆی بڕیار دەدات، هێرشەکان بەردەوام دەبن. گوتیشی: "ئێران هێشتا هەندێک توانای شەڕکردنی ماوە، بەڵام تواناکەی ئەوەندە گەورە نییە."
لەم بارەیەوە براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، ئێران لە ماوەی حەفت رۆژی رابردوودا بە ئەنقەست هێرشی کردووەتە سەر حەفت کەشتیی بازرگانی، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 10 مەدەنی لە تیمی کەشتییەکان کوژراون، بریندار بوون یان بێسەروشوێنن. کووپەر ئاشکراشی کرد کە هێزەکانی ئێران دەیان مووشەک و درۆنیان ئاراستەی وڵاتانی دراوسێی کەنداو کردووە.
هاوکات سوپای ئەمریکا رۆژی سێشەممە، دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی هەمەلایەنەی بۆ سەر ئەو کەشتیانە راگەیاند کە بە ناوچە کەناراوییەکان و بەندەرەکانی ئێراندا تێدەپەڕن. لە بەیاننامەی سوپای ئەمریکادا ئاماژە بەوە دراوە، زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی و سەدان فڕۆکەی سەربازی لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەرکدان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.