پارتی و یه‌كێتی كارنامه‌یه‌كی 30 خاڵی ده‌به‌نه‌ به‌غدا

"لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان بۆ یه‌كده‌نگی بانگهێشت ده‌كه‌ن"

K24 - هه‌ولێر:

کارنامەی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی نزیکەی 30 خاڵ لەخۆ دەگرێت، گوتەبێژی یەکێتی دەڵێ کارنامەکە ھی حزبەکان نیيە و ھی خەڵکی کوردستانە، لە بەرامبەردا ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی  پارتی دەڵێت, دەبێ وا بکەین کارنامەکە تایبەت بە پارتی و یەکێتی نەبێت.

کارنامە ھاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی، لە چوار بڕگەی سەرەکی پێکھاتووە، کە ھەریەکەی 7 خاڵ لەخۆ دەگرێت، کارنامەکە بە گوێرەی داواکاریيەکانی خەڵکی کوردستان و بەدەستھێنانەوەی مافە دەستووریەکان و وەرگرتنی پشکەکانی کورد‌ لە بەغدا، بەسەر خاڵەکانی ناو بڕگەکان دابەشکراوە.

گوتەبێژی یەکێتیش دەڵێت: "لەبەر ھەندێ ھۆکاری تایبەت بە دۆخەکە، جارێ نامانەوێت ناوەڕۆکی کارنامەکە بۆ رای گشتی، ئاشکرا بکەن"، هاوكات جارێكی دیكه‌ش پارتی و یه‌كێتی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان بۆ یه‌كده‌نگی بانگهێشت ده‌كه‌ن.

نە پارتی نە یەکێتی لەگەڵ ئەوە نین، کارنامەکە کە دەچێتە بەغدا، مۆرکی حزبی پێوە بێت، بۆیەش دەیانەوێت لایەنە ناڕازيیەکان، بە یاوەریکردنی شاندی پارتی و یەکێتی بۆ چوونە بەغدا رازی بکەن، لە ئێستاشەوە کار بۆ کردنەوەی، ئەو دەرگایانە دەکەن، کە ئەو لایەنانە، دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دایانخستوون.

دواین بەیاننامەی چوار لایەنە ناڕازيیەکە، ھیوایەکی داوەتە پارتی و یەکێتی کە دەتوانن لە داھاتوودا لەگەڵیان کۆببنەوە، بە یەکەوەش پێشوازی لەو بەیاننامەیە دەکەن و پێیانوایە، ئەمە ھەنگاوێکە بۆ توانەوەی بەشێک لە بەستەڵەکی پەیوەندیەکانی نێوانیان.

ا. م