رۆژنامه‌یه‌ك: توركیا ئاماده‌كاری بۆ ناردنی گروپه چه‌كداره‌كانی سووریا بۆ لیبیا ده‌كات
"به‌س ماوه په‌رله‌مان بڕیاره‌كه په‌سه‌ند بكات"
K24- هه‌ولێر:
میدیا رۆژئاوایی و عه‌ره‌بییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، توركیا ئاماده‌كاری ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی پیاده، ده‌ریایی و ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی سووریا بۆ لیبیا ده‌كات، كه فه‌رمان له ئه‌نقه‌ره وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ داواكاری حكوومه‌تی ویفاقی لیبیا، كه داوای له ئه‌نقه‌ره كردووه له دژی هێزه‌كانی حه‌فته‌ر پشتیوانی سه‌ربازی بكات.
له‌مباره‌یه‌وه رۆژنامه‌ی "ئێندیپێندنت"ـی به‌ریتانی له ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی لیبیا گواستییه‌وه، حكوومه‌تی ویفاق داوای پشتیوانی هێزی سه‌ربازیی ئاسمانی، ده‌ریایی و وشكانیی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی "سوپای نیشتیمانی لیبیا"ـی له توركیا كردووه و ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه، ئه‌نقه‌ره بۆ ئه‌و هه‌نگاوه چاوه‌ڕێی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له لیبیا په‌سه‌ند بكات و دوای په‌سه‌ندكردنیشی، ژماره‌یه‌ك كه‌شتیی جه‌نگی و هێزی سه‌ربازی بۆ مه‌شقپێكردنی هێزه‌كانی حكوومه‌تی ویفاق ره‌وانه‌ی لیبیا ده‌كات.
دووپاتیشیكرده‌وه، "ئه‌و زانیارییانه له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی توركیا بۆ ئاژانسی بلۆمبێرگ هاتوون"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ناوی ئه‌و به‌رپرسه توركه بكات.
به‌رپرسه توركه‌كه گوتوویه‌تی، "پێشبینی ده‌كه‌ن ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كه فه‌رمان له ئه‌نقه‌ره وه‌رده‌گرن، له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی توركیا بۆ پاڵپشتیكردن له حكوومه‌تی ویفاق ره‌وانه بكرێن" و ئاشكارشیكرد، "سه‌ره‌تا حكوومه‌تی ویفاق ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی حه‌فته‌ر به‌ره‌و ته‌رابلسی پایته‌خت به‌وه رازی بووه".
هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه وته‌بێژی حكوومه‌تی ویفاق بۆ رۆژنامه‌ی "ئێندیپێندنت" رایگه‌یاندووه، "هێشتا هیچ بڕیارێكی دڵنیاكه‌ره‌وه‌مان لا نییه، چونكه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا پێویستی په په‌سه‌ندكردنی ئه‌و بڕیاره‌یه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یه‌وه، به‌ڵام ئێمه به‌وه ده‌زانین كه ئه‌نقه‌ره ئاماده‌كاری بۆ ناردنی هێزه وشكانی و ده‌ریاییه‌كان ده‌كات و چاوه‌ڕێی په‌سه‌ندكردنی بڕیاره‌كه‌ن".
H.B