تاران: كوشتنی سوله‌یمانی گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ستراتیژی واشنتن بوو له ناوچه‌كه
هه‌ڕشه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران دووپاتیكرده‌وه، كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ستراتیژی بوو كه ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه ئه‌نجامیدابێت.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌لیدا هاتووه، كه تایبه‌ت بوو به تاوتوێكردنی ره‌هه‌نده‌كانی كوشتنی سوله‌یمانی و ده‌ركردنی كۆمه‌ڵێك بڕیار به‌و بۆنه‌یه‌وه.
دوای كۆبووه‌نه‌كه‌ش ئه‌نجوومه‌نی ناوبراو به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد و تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه كرایه‌وه:
- پێویسته ئه‌مه‌ریكا چاوه‌ڕێی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئێران بێت له كات و ساتی گونجاو‌دا.
- ئێران به جۆشێكی زیاتر و به‌بێ دوودڵی له‌سه‌ر هێڵی جیهاد به‌رده‌وام ده‌بێت.
- كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و فه‌رمانده گه‌وره‌كانی هاوه‌ڵی له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی "داعش" و هزری ته‌كفیری له عێراق و سووریا بوو.
- ئاوێته‌بوونی خوێنی ئێرانییه‌كان و عێراقییه‌كان ئه‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه، كه په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز و باوه‌ڕپێكراو له نێوان عێراق و ئێران‌دا هه‌یه، كه له داهاتوودا ئه‌و په‌یوه‌ندییه دوو هێنده‌ی ئێستاش به‌هێزتر ده‌بێت.
- كوژرانی ئه‌و فه‌رمانده به‌رگریكاره زیانێكی گه‌وره‌یه بۆ جیهانی ئیسلامی و گه‌لی ئێران.
- ئاڵا له‌ده‌ست هه‌ر جه‌نگاوه‌رێك بكه‌وێته خواره‌وه جه‌نگاوه‌رێكی دیكه هه‌ڵیده‌گرێته‌وه.
پێویسته ئه‌وانه‌ی قاسم سوله‌یمانییان كوشت ئه‌وه بزانن، كه كارێكی له‌م جۆره كوێرانه سیاسه‌تی به‌ره‌ی به‌رگری كه ئێران په‌یڕه‌وی ده‌كات، بۆ دوو هێنده و زیاتریش به‌بێ سڵكردنه‌وه به‌هێزتر ده‌بێت.
H.B