بەغدا.. بازرگانان لە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق ناڕازین

بازرگانانی بەغدا لە بەرانبەر بڕیارەکانی حکوومەت بۆ زیادکردنی باج لە گردبوونەوە بەردەوامن و داوا دەکەن حکوومەت بە بڕیارەکانیدا بچێتەوە، چونکە نرخی کەلوپەلەکان زیاد دەبێت و هاووڵاتییان زەرەرمەندی یەکەم دەبن.

ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025، ژمارەیەک بازرگان لە بەغدا بەهۆی زیادکردنی باج گردبوونەتەوە و داوای چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکان لە دەروازە سنوورییەکان دەکەن.

یەکێک لە بازرگانەکان لە شوێنی گردبوونەوەکەدا بە پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەو گردبوونەوەیە لە ئەنجامی بڕیارێکی وەزیری بازرگانییە، لە بارەی دانانی کوالێتی کۆنترۆڵە لەسەر کاڵاکان، کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە.

گوتیشی: ئەم بڕیارە زیانێکی زۆر بە بازرگانان دەگەیەنێت و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بازاڕ دەبێت، چونکە کاڵاکان لە دەروازەکان دەمێنینەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلەکان.

ئەو بازرگانە باسی لەوەش کرد، داوا دەکەن لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە ئاسانکاری بۆ بازرگانەکان بکرێت. دەشڵێت: ژیانی %65 خەڵک لەسەر کەرتی تایبەتە، بۆیە هەر بڕیارێک کاریگەر لەسەر ئەو کەرتە هەبێت، کاریگەری لەسەر بازاڕ و گوزەرانی خەڵکیش دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمە یەکەم جار نییە ئەو بازرگانانە گردببنەوە، پێشتریش لە هەموو شارەکان عێراق ئەنجامیان داوە و داوا لە حکوومەت دەکەن هیچ بڕیارێک دەرنەکەن کە کاریگەری لەسەر بازاڕ بکات.

هەروەها تاوەکوو ئێستا حکوومەت هیچ وەڵامێکی ئەو بازرگانانەیان نەداوەتەوە، ئەوانیش بڕیاریان داوە نرخی کەلوپەلەکان زیاد بکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment