وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێران دەسەپێنیت

وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی وشککردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا 24 کەشتی و لایەنی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بۆسەر ئێران و وشککردنی سەرچاوەکانی داهاتیان، 24 کەشتی و لایەنیان خستووەتە لیستی سزاکانیانەوە کە تۆمەتبارن بە بەقاچاخبردنی نەوت و کۆکردنەوەی داهات بۆ تاران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزاکانی بنەماڵەی عەلی شەمخانی، راوێژکاری پێشووی رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک بانک و دامەزراوە لە چین و هۆنگ کۆنگ دەگرێتەوە.

هۆشداریش دەدات؛ هەر کەس و لایەنێک هەوڵی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی ئێران بدات رووبەڕووی سزای دارایی ئەمریکا دەبێتەوە.