ساڵح موسلیم دژايه‌تى بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى رۆژئاوا ده‌ربڕى

ده‌ڵێت: نا بۆ سه‌ربه‌خۆيى و بوونی دوو هێزی كوردیی له‌ سووریا جه‌نگی ناوخۆی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

K24 ـ هه‌ولێر:

هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتیی دیموكراتی (په‌یه‌ده‌)، ساڵح موسلیم، دژی پێكهێنانی قه‌واره‌یه‌ك نین بۆ كورد، به‌ڵام به‌هۆی بوونی پێكهاته‌ی جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ پێكهێنانی قه‌واره‌یه‌كی سه‌به‌خۆ نین بۆ كورد.

له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێك له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی قودسی عه‌ره‌بیی رایگه‌یاند، "پێكهێنانی قه‌واره‌یه‌كی كورديی له‌ رۆژئاڤا له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستا ناگونجێت، چونكه‌ چه‌ندین پێكهاته‌ی جیا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌ژین، ئه‌گه‌ر سه‌قامگیریمان بوێت بۆ ئه‌و پێكهاتانه‌، پێویسته‌ دیموكراسی هه‌بێت به‌ بوونی پێكهاته‌كان به‌بێ زیادكردنی سیفه‌تی نه‌ته‌وه‌یی".

له‌درێژه‌ی وته‌كانیدا ساڵح موسلیم گوتی: "ئێمه‌ ناوی كۆماری سووریای عه‌ره‌بی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ دووربخه‌ینه‌وه‌ له‌ مۆركی نه‌ته‌وه‌یی پێویسته‌ ناوه‌كه‌ كۆماری سووریای دیموكراتی بێت یاخود سووریا به‌ته‌نها".

ناكۆكیيه‌ سیاسیه‌كان له ‌نێوان په‌یه‌ده‌ و پارته‌ كوردیيه‌كانی دیكه‌ی رۆژئاڤا زیادیكردووه‌، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری خستووه‌ته‌ سه‌ر داهاتووی شاره‌ كورديیه‌كان له‌ سووریا.

سه‌باره‌ت به‌ فره ‌لایه‌نی رۆژئاڤا، ساڵح موسلیم گوتیشی: "ئێمه‌ چۆن مۆركی نه‌ته‌وه‌یی بسه‌پێنین به‌سه‌ر برایانمان له‌ عه‌ره‌ب و سریان، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری قبوڵده‌كه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و قه‌واره‌یه‌ بۆ هه‌موان بێت و هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی هه‌موو هه‌ستیاریه‌ك ده‌ده‌ین له‌ نێوان پێكهاته‌كان و به‌ر له‌ هه‌موو شتێكیش ئێمه‌ به‌رگری له‌ مافی كورد ده‌كه‌ین".

له ‌باره‌ی بوونی په‌یوه‌ندی په‌یه‌ده‌ به‌ رژێمی سووریا، ساڵح موسلیم روونیكرده‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیيان به‌ رژێمی سووریاوه‌ نیه‌. گوتيشى: "ئه‌و ده‌نگۆیه‌ش درووستكراوی رژێمی سووریا خۆیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی رۆژئاوا به‌شداربێت، كه‌ ئه‌مه‌ش جێگه‌ی قبوڵ نیه‌".

هه‌ر له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ساڵح موسلیم گوتیشی: "ئێمه‌ زۆرترین دوژمنكاری رژێمی سوریامان كردووه‌ و به‌رپه‌رچمان داوه‌ته‌وه‌".

له‌ باره‌ی چاره‌نووسی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌ رۆژئاڤا، ساڵح موسلیم، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئه‌وان ناوچه‌كانیان ئازاد كردووه‌ و جیایان نه‌كردووه‌ته‌وه‌ له‌ سووریا، به‌ڵكو ئه‌وان به‌شێكن له‌ سووریا و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسی ده‌ده‌ن و داوای مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان ده‌كه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی سووریا به‌شێوه‌یه‌ك دان بنرێت به‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان وه‌كو كورد.

هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ له‌باره‌ی چاره‌نووسی ناوچه‌ سنووریيه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا، هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی روونكرده‌وه ‌و گوتى: "ئه‌وان پێشوازی له‌ هه‌ر بڕیارێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ی پارێزراو، به‌ڵام دابڕانی ناوچه‌یه‌ك له‌ژێر سایه‌ و سه‌رپه‌رشتی توركیا به‌ ته‌واوی ره‌تیده‌كه‌نه‌وه"‌.

جیاوازیيه‌كانی وڵاته‌ زلهێزه‌كان و هاوكاریيه‌كانی ئه‌مریكا و رووسیا بۆ په‌یه‌ده‌ لایه‌نێكی دیكه‌ی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌ی هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌یه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ ساڵح موسلیم گوتی: "دۆخه‌كه‌ وایكردووه‌ ئێمه ‌و رووسه‌كان و ئه‌مریكیيه‌كان له‌یه‌ك سه‌نگه‌ر بین، بوونی هێزی تیرۆريستی وه‌كو داعش ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌ردوو وڵاتی زلهێز،‌ په‌یوه‌ندی سه‌ربازیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌بێت. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیيه‌ له‌ داهاتوودا سه‌ربكێشێ بۆ په‌یوه‌ندی سیاسی".

سه‌باره‌ت به‌ جیاوازیيه‌كانی هاوپه‌یمانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و تێكهه‌ڵكێشبوونی هه‌نگاوه‌ سه‌ربازيیه‌كانی وڵاتان له‌ رۆژئاواى كوردستان، ساڵح موسلیم ئاماژه‌ی به‌وه‌‌ كرد، "ئه‌وان وه‌ك په‌یه‌ده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و رووسیا و رژێمی سووریا و هێزه‌كانی دیكه‌ هه‌موویان له‌یه‌ك به‌ره‌ی دژی تیرۆری داعش ده‌جه‌نگن و تیرۆر ئه‌وانی كۆكردووه‌ته‌وه،‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌موان".

له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندیيه‌كانیان له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسیه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، ساڵح موسلیم رایگه‌یاند، ئه‌وان به‌شێك نین له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان و په‌یوه‌ندیان باشه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردستانیيه‌كان، چ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، چ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان.

ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌، جۆری ئه‌و سیستمه‌ سیاسیه‌ی دیاریكرد، كه‌ ئه‌وان خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ن گوتى: "ئه‌وان ده‌خوازن سووریا وڵاتێكی دیموكراسی نا ناوه‌ندێتی بێت،‌ كه‌ شێوه‌یه‌كه‌ له‌ شێوه‌كانی فیدراڵی".

ساڵح موسلیم گرژی په‌یوه‌ندیيه‌كانی په‌يه‌ده‌ى له‌گه‌ڵ توركیا نه‌شارده‌وه ‌و گوتی: "ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ گه‌لی توركیا نیه‌، به‌ڵكو كێشه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان هه‌یه‌، كه‌ به‌دوای ئیمپراتۆریه‌تی كۆنی ده‌گه‌ڕێت".

له‌كۆتاییدا سه‌باره‌ت به‌ چوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ‌ رۆژئاڤا به‌ تايبه‌تى بۆ پاراستنى شاره‌ كوردیيه‌كانی دیكه‌ی سووریا، ساڵح موسلیم گوتی: "وه‌كو پارتی سیاسی ئێمه‌ پێمانوایه‌ بوونی دوو هێزی سه‌ربازی له‌ رۆژئاڤا گونجاو نیه‌ و جه‌نگی ناوخۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌".