يه‌په‌گه: به‌رگرى له يه‌كپارچه‌يى خاكى سووريا و هاووڵاتييانى ده‌كه‌ين
گه‌شتی ئه‌مڕۆی رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كان چه‌ند بابه‌ت و هه‌واڵێك له خۆ ده‌گرێت
K24 - ھەولێر:
گه‌شتی ئه‌مڕۆی رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كان چه‌ند بابه‌ت و هه‌واڵێك له خۆ ده‌گرێت، كۆچكردنی ژماره‌یه‌ك پۆلیسی عێراق له پارێزگای سه‌لاحه‌ددین دیارده‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌نجامی جه‌نگی داعشه له‌و وڵاته‌دا و رۆژنامهيهكيش گرنگى به هه‌ڵوێستى په‌يه‌ده له باره‌ى داهاتووى سوورياوه داوه.
رۆژنامه‌ی ئه‌لقودسی عه‌ره‌بی هه‌واڵێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێيدا هاتووه، تاكو ئێستا 200 پۆلیسی ناوچه جیاجیاكانی پارێزگای سه‌لاحه‌ددین هه‌ڵهاتوون و روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه.
به گوێره‌ى هه‌واڵه‌كه به ده‌یان پۆلیسى ئه‌و پارێزگایه، چه‌ندین پله‌ی ئه‌فسه‌ریشیان تێدایه، له ماوه‌ی رابردوودا ئه‌ركی سه‌ربازی خۆیان جێهێشتووه و رووه‌و شاره‌كانی كه‌ركووك، هه‌ولێر و سلێمانی هه‌ڵهاتوون، به گوێره‌ى رۆژنامه‌كه هه‌ندێك له‌و پۆلیسانه ئه‌ركی سه‌ربازییان جێهێشتووه و به‌خۆیان و خێزانیان به‌ره‌و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان رۆیشتوون.
رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات هه‌واڵێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه به‌ناونیشانی (كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كه‌نداو ده‌رهاوێشته‌كانی ده‌ستدرێژییه‌كانی سه‌ر باڵیوزخانه‌ی سعودییه له‌تاران تاوتوێده‌كات) له‌هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه، به‌سه‌رۆكایه‌تی عادل جوبه‌یر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعودییه و سه‌رۆكی ئه‌م خوله‌ی كۆبوونه‌وه‌كه، ئه‌مڕۆ 9 كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2016 كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی هاریكاری كه‌نداو له ریازی پایته‌ختی سعودییه سازده‌كرێت.
رۆژنامه‌ی ئه‌لنه‌هار هۆشدارییه‌كی رێكخراوی پزیشكانی بێسنووری بڵاوكردووه‌ته‌وه، به‌گوێره‌ى زانيارى رۆژنامه‌كه، 23 كه‌س له ئه‌نجامی ئابڵوقه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د له سووریا له برسان مردوون و بێخۆراكی هه‌ڕه‌شه‌ی مردن له نزیكه‌ی 20 هه‌زار كه‌س له‌و وڵاته‌دا ده‌كات.
رۆژنامه‌ی ئه‌لنه‌هار، ئه‌وه‌شى نووسيوه: پزیشكانی بێ‌سنوور هۆشداری ده‌ده‌ن به روودانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی له سووریا.
رۆژنامه‌ی ئه‌لئه‌وسه‌ت راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه به‌ناونیشانی "یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل ده‌ڵێ: باوه‌ڕمان به یه‌كپارچه‌یی سووریا هه‌یه و نوسره كۆپییه‌كی داعشه" به گوێره‌ی زانيارى رۆژنامه‌كه، له‌سه‌ر زاری سیپان حه‌مو سه‌ركرده‌ی (یهیهده) ئاشكراكراوه، ئه‌وان هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان نیه بۆ دابه‌شكردنی سووریا و ئه‌وان وه‌ك په‌یه‌ده به‌رگری له هاووڵاتی سووریا و یه‌كپارچه‌یی خاكی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ن".
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه باسى له‌وه‌شكردووه، سیپان حه‌مو ئاماژه‌یكردووه بۆ ئه‌وه‌ی، "ئه‌وان باوه‌ڕیان به سووریای یه‌كگرتوو هه‌یه كه سیستمی په‌رله‌مانی فره‌یی ناناوه‌ندێتی په‌یڕه‌و بكرێت".
ئا: نيزام فه‌يسه‌ڵ