"دۆخی کەرکووک و شنگال بۆ هەڵبژاردن لەبار نییە"

کاندیدەکان ناتوانن بە ئازادی بانگەشە بکەن
کەرکووک - ئەرشیف
کەرکووک - ئەرشیف

K24 – هەولێر

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئێستا دۆخی کەرکووک و شنگال بۆ هەڵبژاردن لەبار نییە، چونکە کاندید و لایەنەکان ناتوانن بە ئازادی بانگەشە بکەن.

ئەمڕۆ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تاوتوێ دەکەن.

جوان رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "لەکاتی بەدواداچوونمان بۆ دۆخی ناوچە کوردستانییەکان، بۆمان دەرکەوت رۆژ دوای رۆژ دۆخی کەرکووک و شنگال بەتایبەتی و ناوچە کوردستانییەکان بە گشتی بەرەو خراپتر دەچێت، بۆیە بانگێشتی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم-مان کردووە، دەمانەوێ باس لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوجانە بکەین، کە ئایا تائێستا هیچ هەنگاوێک بۆ ئەم مەبەستە نراوە؟، ئێستا کە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردن دایە، چیکراوە بۆ ئاساییکردنەوەی ئەو ناوچانە، لایەن و کاندیدەکان چۆن بتوانن لەوێ بانگەشە بۆ خۆیان بکەن".

گوتیشی: "دۆخی کەرکووک و شنگال لەبار نییە بۆ هەڵبژاردن، ئەو هێزانەی لەوێ باڵادەستن ئەگەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە رەوا نەبینن، چۆن رێگە دەدرێت بە کاندیدەکان بانگەشە بکەن، پێویستە دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و رێککەوتنی شنگالیش جێبەجێ بکرێت".