ئیسپانیا باڵیۆزی ئێرانی بانگکرد؛ رێز لە مافی هاووڵاتیان و بیروڕایان بگرن

خۆپێشاندان لە تاران
خۆپێشاندان لە تاران

K24 – هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە مەدرید بانگ کرد و ناڕەزایەتی خۆی لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران دووپاتکردەوە.

میدیاکانی ئیسپانیا رۆژی چوارشەممە (28ـی ئەیلول)، بڵاویانکردەوە کە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان، حەسەن قەشقاوی باڵیۆزی ئێران لە مەدریدیان بانگ کردووە و گلەییان لە پێشێلکردنی مافی ژنان لەو وڵاتەدا کردووە.

حکومەتی ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "زۆر بە توندی بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپێشاندانی ئاشتیانە لە ئێران سەرکۆنە دەکەین و داوا لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکەین، رێز لە مافی هاووڵاتیان و بیروڕا و خۆپێشاندانی ئاشتیانە بگرن و کۆتایی بە رەشبگیری و گرتنەبەری هەر رێکارێکی دیکەی سنووردارکردن دژی خۆپێشاندەران، بێنن"

هەروەها حکومەتی ئیسپانیا داوای "لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، روون و بێلایەنانە" لە دۆسیەی کوژرانی ژینا ئەمینی کردووە.