گرووپی هاوکاری ئابووریی عێراق: بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە عێراق دەتوانێت رووبەڕووی ئالنگارییە ئابوورییەکان ببێتەوە
K24 – هەولێر:
گرووپی هاوکاری ئابووریی عێراق پێشوازی لە پەسەندکردنی یاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەکات و رایگەیاندووە، ئەگەر یاسای بودجە بە باشی جێبەجێ بکرێت، ئەوا عێراق دەتوانێت رووبەڕووی ئالنگارییە ئابوورییەکان ببێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە (22ـی حوزەیرانی 2023)، گرووپی هاوکاری ئابووریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پەسندکردنی یاسای بودجە، بنەمای جێبەجێکردنی کاری لە پێشینەکان و ئەجێندای چاکسازی حکومەتی عێراقە و روونیکردووەتەوە، پابەندی عێراق بۆ چاکسازی ئابووریی و هاندانی گەشەی کەرتی تایبەت، ئاشکرایە کە دەیەوێت یاسای وزەش تێپەڕێنێت.
هەر لە راگەیەندراوەکەی گرووپی هاوکاری ئابووریی عێراقدا ئاماژە بەوەشدراوە، ئەگەر بودجە بە باشی جێبەجێ بکرێت، عێراق دەتوانێت بەشێوەیەکی باشتر بەرەنگاری ئالنگارییە ئابوورییەکان ببێتەوە.
گرووپی هاوکاری ئابووری عێراق لە وڵاتانی گروپی حەوت (ئەمەریکا، بەریتانیا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و کەنەدا)، یەکێتی ئەوروپا و بانکی جیهانی پێکدێت، ئامانجیان بەرەوپێشبردن و یارمەتیدانی عێراقە لە باشترکردنی ئابوورییەکەی.
دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023)، سەرۆک کۆماری عێراق پەسەندی کرد و دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.
لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.
بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، حکومەتی عێراق پشت بە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها ئەگەر نرخی نەوتیش بە زیاتر فرۆشرا، ئەوا رێژەی 70%ـی بڕی داهاتەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخاندەکرێت.
بەرەبەیانی رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، لە دانیشتنی چوارەمیدا تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک.
درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وهزیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد کە (5ـی نیسانی 2023) خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاساکە لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا.
لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.