کاردیناڵ لویس ساکۆ: هۆکاری کارەساتەکەی حەمدانییە یاری ئاگرین نەبووە

"رووداوەکەی حەمدانییە بەمەبەست ئەنجامدراوە"

کاردیناڵ لویس ساکۆ
کاردیناڵ لویس ساکۆ

K24 - هەولێر:

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریاکی کەنیسەی کلدانی کاسۆلیکی لە عێراق و جیهان رایگەیاند، هۆکاری کارەساتەکەی حەمدانییە یاری ئاگرین نەبووە، بەڵکو دەستی لەپشت بووە و کەسێک بە مەبەست ئەنجامی داوە.

لویس ساکۆ لە راگەیەندراوکدا کە ماڵپەری فەرمی پارتریاکی کلدانی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کەسەی لەپشت رووداوەکەی حەمدانییەوەیە، ویژدان و ئەخلاقی خۆی لەپێناو ئەجێندایەکی دیاریکرداوە فرۆشتووە، گوتیشی: پێشتر لەو هۆڵەدا چەندین ئاهەنگ و بۆنەی دیکە بەڕێوەچووە، بۆچی هیچ رووداوێکی لەمجۆرە رووینەدا؟

پارتریاکی کەنیسەی کلدانی کاسۆلیکی لە عێراق و جیهان جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە لێکۆڵینەوە لە تاوانبارە راستەقینەکان بکرێت و دۆسیەکە بە سیاسی نەکرێت، ئەوەش وەک رێزێک بۆ ئەو کارەساتەی بەسەر کریستیانەکاندا هاتووە.

لویس ساکۆ باسی لەوەشکرد، پێویستە لیژنەی قەیرانەکان لەسەر رووداوەکە پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە نەک تاکڕەوانە دەرفەت بۆ لایەنێک دروستبکرێت تا تۆمەت ببەخشنەوە و پاکتاوی حساباتەکانیان بکەن.

دوێنێ یەکشەممە 1ـی ئۆکتۆبەر، لیوا سەعد فالح، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانییە رایگەیاند، رووداوەکە بەمەبەست نەبووە و بەهۆی یارییە ئاگرینەکان و ئەو کەرەستانەوە بووە کە لە رازاندنەوەی هۆڵەکەدا بەکارهاتووە.

هەر سەبارەت بەو رووداوە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، لەلای خۆیەوە، مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ سەرۆکی ئەساقیفه‌ی ئەبرەشییەی سریانی مووسڵ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کریستیانەکان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی رووداوه‌كه‌ی حەمدانییە رازی نیین. گوتیشی: "داوای خوێنی شەهیدانی خۆمان دەکەین".

درەنگانی شه‌وی (26ـی ئەیلوولی 2023) له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و دەیان كه‌سی دیکەش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن، دواتر  ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواسترانه‌وه‌.