حەیدەر شەشۆ: هەندێک لایەن بەرژەوەندییان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالدا نییە

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان

K24 - هەولێر

فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان بە دووری دەزانێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رێککەوتنی شنگال لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەڵێت، "ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، هەندێک لایەن دادگایی دەکرێن".

سێ ساڵ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامەی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تێدەپەڕێت و تا ئێستا هیچ یەکێک لە بەندەکانی ئەو رێککەوتنە لەلایەن بەغداوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ نەکراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، میوانی گەشتی هەواڵی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو.

فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان گوتی، "ئێستا بەشێک لەو لایەنانەی رێککەوتنی شنگالیان واژووکردووە، لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە جیددی نین و نایانەوێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە ئەو دۆخەی ئێستا لە شنگال هەیە لە بەرژوەندیی ئەواندایە".

فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر رێککەوتنی شنگال جێبەجێ کرا، هەندێک لایەن زەرەرمەند دەبن، چونکە ئەو کاتە زۆر کەس ڕادەستی دادگا دەکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت؛ بۆیە پێموایە لە داهاتوویەکی نزیکدا رێککەوتنەکە جێبەجێ ناکرێت".

رۆژی چوارشەممە 18ـی ئایاری 2023، جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق له‌باره‌ی بارودۆخی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و شنگال لەمیانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش رایگه‌یاند، "نیگه‌رانی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ تا ئێستا رێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێ نه‌كراوه"‌. گوتیشی، "هه‌ندیك لایه‌نی جیاواز له‌ شنگال بوونه‌ته‌ هۆی رێگریكردن له‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال و ده‌بێت ئیداره‌یه‌كی باش و ئاسایشێكی سه‌قامگیر بۆ شنگال بگه‌ڕێندرێته‌وه‌".

حەیدەر شەشۆ پێیوایە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال هێندە زەحمەت نییە وەکو ئەوەی پلاسخارت لەمیانی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش باسی لێ کردووە و ئاماژە بەوەدات، "نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال جیددی نەبووە و وەکو پێویست فشاری لە لایەنەکان (حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان) نەکردووە بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە جیبەجێ بکەن".

رۆژی 9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووی عێراق لە شاری بەغدا واژووكرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەبینێتەوە، ئەوانیش:

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.