شانۆگەری "مرن و کچینی" لە دهۆک نمایش دەکرێت

K24 - هەولێر

شانۆگەری "مرن و کچینی" دەقێکی وەرگێڕدراوی بیانییە و لە نووسینی "ئیریەل دورفمان" و وەرگێڕانی "بەنگین عەلی"  و دەرهێنانی "محەممەد عەزیز"ی قوتابی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی دهۆکە، بڕیارە 23ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە هۆڵی "محەممەد عارف جزیری" نمایش بکرێت.

"محەمەد عەزیز"ـی دەرهێنەر لە بارەی شانۆگەرییەکەیەوە بۆ کوردستان24 دەڵێت: ئەم بەرهەمە شانۆییە دەقێکی وەرگێڕدراوە و ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ قوتابیانی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی دهۆکە و بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر بۆ جاری پێنجەم لە ناوخۆی کوردستان نمایشی دەکەین، چونکە لە پشووتردا ئەو بەرهەمە دوو خەڵاتی باشترین سینۆگرافیا و باشترین ئەکتەری کچی لە چوارچێوەی بەشداربوون لە فێستیڤاڵە نێوخۆییەکاندا بەدەستهێناوە، هاوکات بەشداری چەند فێستیڤاڵێکی دیکەی دەرەوەی کوردستانی کردووە، ئێستاش لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی چەمچماڵ بەشدارە و پێشبڕکێ بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵەکە دەکات، کە بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا دەست بە چالاکییەکانی ئەم فێستیڤاڵە هونەرییە بکرێت، بەر لە بەشداری فێستیڤاڵیش نمایشێکی دیکەمان هەیه لە دهۆکی رەنگیندا و دەبێته میوانی هۆڵی محەممەد عارف جزیری، ئەمەش دوای ئەوەهات، کە لە خشتەی پڕۆگرامی نمایشەکانماندا رۆژێک دیاریکرا بوو بۆ نمایشی ئەم شانۆنامەی، کە دەقەکەی رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیەدا هەیە و ناوەڕۆکەکەشی بە تەواوی بە کوردی کراوە و بینەر ئاستەنگەکانی ژیان و ئازاری ژن بوون لەم شانۆیەدا وەک خۆی دەبینێت.

گوتیشی: ئەکتەرەکانی ئەم شانۆگەرییە زۆربەیان قوتابی بەشی شانۆن، کە پێکهاتوون لە (ژیمان سەعید، رەیان رەمزی، سیزار محەممەد)، هەروەها "رزگار عەبدوڵا" بەڕێوەبەری ئەو بەرهەمەیە و دیکۆری سامان بەهزاد و ڤەدەر سەعید و رەیان ئیبراهیمە و دیزاینی جلوبەرگیش شیرین عەزیزە و دانانی میوزیک و جێبەجێکردنی کارە هونەرییەکانی "بیرهاد حوسێن" و بێوار جەعفەرە.

.
.