ماجد شنگالی: دواخستنی ناردنی 700 ملیار دینارەکە بڕیارێکی سیاسییە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ماجد شنگالی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: دواخستنی ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ مووچەی فەرمانبەران بڕیارێکی سیاسییە و هەندێک لایەن دەیانەوێت فشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان.

ماجد شنگالی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردستان24ی گوت: "دواخستنی ناردنی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بابەتێکی سیاسییە و دەیانەوێت فشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان، ئێستا هەندێک کەس و لایەن لە بەغدا دەڵێن، دەبێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئەلیکترۆنی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابەش بکرێت، کە ئەمە تەواو پێچەوانەی دەستوورە، چونکە هەرێمی کوردستان کیانێکی دەستوورییە".

گوتیشی: "وەزیری دارایی عێراق وەک فەرمانبەرێک وایە، پۆستی وەزیر پۆستێکی سیاسییە و لە وەزارەتەکانی حکومەتی عێراق بڕیاری سیاسیی دەدرێن، بەداخەوە زۆر لە وەزیرەکان لە کابینەی سوودانی فەرمانبەرن، کە ئەمە زۆر خراپە، وەزیری دارایی تائێستا مامەڵە بە کاغەزی کۆن دەکات کە ئەمە بۆ کار و باری ژمێریاری لە هیچ شوێنێک نەماوە".

لەبارەی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە، دەڵێت: "ئەوانەی ئاستەنگ دروست دەکەن زیاتر لە لایەنەکانی شیعەن، ئەوان زۆر کێشە بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بۆ پارتی دروست دەکەن، بەشێک لەو لایەنانە بابەتەکە وەک بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەکاردەهێنن، لەو چوارچێوەیەشدا هەندێک زانیاری لە هەرێمی کوردستانەوە دەگوازرێتەوە بەغدا، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هاوکارن بۆ کارکردن بەو ئاراستەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت، بۆیە داوا دەکەن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دابەش بکرێت".

ماجد شنگالی، دەشڵێت: "هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات و دەیەوێت سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر بکات".

جەختیشی کردەوە: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی عێراق بە داتا هەموو وردەکارییەکانی لەبارەی مووچە و ژمارەی مووچەخۆران خستەڕوو، بەڵام وەزیری دارایی عێراق هەر رۆژە و قسەیەک دەکات، ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن، ئەوەی دەکرێت تەنیا فشارێکی سیاسییە بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی، لە راستیدا نابێ مووچەی فەرمانبەران تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت".

ماجد شنگالی، دووپاتیکردەوە: "ئەو 700 ملیار دینارەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت وەک قەرزە و رێککەوتنی لەسەر کراوە، پێویست بە نووسرا و رێکاری ئیداری ناکات، وەک پێشتر گوتم، لە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری سیاسی لە سەرووی هەموو بڕیارەکانی دیکەوەیە".