دژەتیرۆری کوردستان: لە شنگال ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی یەبەشە دەکرێتە ئامانج

K24 - هەولێر

شەوی رابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی یەبەشە دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە دووکەس کوژران.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، شەوی رابردوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی یەبەشەی لە ناحیەی سنونێی سەر بە قەزای شنگال کردە ئامانج و بەهۆیەوە، بەرپرسێکی ئەمنیی و چەکدارێکی یەبەشە کوژران.

هەروەها رۆژی دووشەممە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە "مەفرەقی زراعە"ـی ناحیەی سنوونێ لە سنووری شنگال، بارەگایەکی چەکدارانی پەکەکەی کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، کوژراو و بریندار لە ریزی چەکدارانی پەکەکە لەو بۆردومانەدا هەیە.

هه‌واڵگری تورکیا رۆژی هه‌ینی (6ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) بڵاویكرده‌وه‌، له‌ ئۆپراسیۆنێكی تایبه‌تدا "ئیلیاس برۆ عه‌لی" به‌رپرسی تیمی نیشانه‌شكێنی په‌كه‌كەیان‌ له‌ شنگال كوشتووە و دووپاتیکردەوە، لە لێدانی پێگەی چەکدارانی پەکەکە لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبن.

هەروەها هەفتەی رابردوو، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەنداروێکدا ئاشکرایکرد، "رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2023) کاتژمێر 11:15ـی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا گرووپێکی چەکدارانی پەکەکەی لە گوندی بۆسکێنی سەر بە قەزای رانیەی ئیدارەی ڕاپەڕین کردە ئامانج".