پهیمانگهیهكی ئهمهریكی: پێویستە عێراق چاو لە كهرتی پهروهردهی كوردستان بکات

پەیمانگەیەکی توێژینەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان لەسەر رێڕەوی چاکسازیی ڕاستەقینەیە و پێویستە عێراق چاوی لێ بکات.
پەیمانگەی ئەنجوومەنی ئەتڵەسی ئەمەریکی بۆ توێژینەوە ڕاپۆرتێکی دەربارەی کەرتی پەروەردە لە عێراق بە گشتی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هەرێمی کوردستان وەک نموونەی چاکاسازی لە قوتابخانەکان و سیستەمی خوێندن ناودەبات، هانی عێراقیش دەدات چاوی لێ بکات.
لە ڕاپۆرتەکەیدا پەیمانگەی ئەنجوومەنی ئەتڵەس نووسیوویەتی، سەرباریی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان، بەڵام کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان چاکسازی بنەڕەتی تێداکراوە و لەسەر ڕێڕەوێکی راستەقینەیە بەرەو پێشکەوتن. کەرتی خوێندن و پەروەردەی عێراق لەبەردەم دۆخێکی قورسدایە، هێشتا لە سەردەمە کۆنەکاندا دەژی.
پەیمانگەی ئەنجوومەنی ئەتڵەس لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، گەندەڵی، ناسەقامگیریی سیاسی، شەڕ و دۆخی ئەمنی رێگربوون لەوەی عێراق بتوانێت ئاوڕێکی جددی لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بداتەوە، خراپی دۆخی پەروەردە لە عێراق یەکێک بووە لەو هۆکارانەی وڵاتەکە نەتوانێت سوود لە توانای گەنجان بۆ بینیاتنانەوەی دوای جەنگ وەربگرێت، بەجۆرێک تەنها لەسەدا 22ی دەرچووانی زانکۆکان لە عێراق لەبواری خۆیاندا کاردەکەن.
ئەو پەیمانگە ئەمەریکییە لە درێژەی راپۆرتەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، هەرێمی کوردستان درکی بە گرنگی پەروەردە کردووە و کاری جددی دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی، رژدە لەسەر ئەوەی خوێندنی قوتابخانە و زانکۆکان لەئاستی پێوەردە نێودەوڵەتییەکاندا بێت.
پەیمانگەی ئەنجوومەنی ئەتڵەس دەشڵێت، هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی راست و دروستی گرتووەتەبەر بۆ بەهێزکردنی کەرتی پەروەردە، لەوبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران ژمارەیەک دەستپێشخەریی گرنگی پەسەندکردووە.
پەیمانگەکە ڕایدەگەیەنێت، چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەم کەرتە گرنگە شایەنی ئەوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق وەک نمونەی باڵا چاوی لێبکەن و هەوڵی دووبارەکردنەوەی بدەن.
کەرتی پەروەردە بەشێکی گرنگی لە خزمەت و کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا پێک هێناوە و بە گوێرەی کارنامەکەی کابینەکەش، چەندین کار و پلانی ستراتیجی چوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لەسەر ئاستی ژێرخانی پەروەردەیی، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بودجەی تەرخانکراو و بە هەماهەنگی و هاندانی کەرتی تایبەتیش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ زیاتر لە 100 باخچەی منداڵان و قوتابخانەی دروست کردووە و زیاتر لە 20 قوتابخانەی دیکەش ئێستا کارکردن تیایاندا بەردەوامە و لە داهاتوویەکی نزیکدا تەواو دەکرێن.
هەروەها زیاتر لە هەزار و 400 باڵەخانەی باخچەی منداڵان و قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە و زیاتر لە 240 ژووری نوێی خوێندنیش بۆ قوتابخانەکان دروست کراون.
بە دیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردەش هەنگاوی زۆر باشی بڕیووە و لە کابینەی نۆیەمیشدا سەرجەم کاروبارەکانی کەرتی پەروەردە بە دیجیتاڵیکران، وەک داتای قوتابخانەکان، مامۆستایان و قوتابیان، کۆگا و کەلوپەل و دانانی پلاتفۆڕمەکانی داهێنان و وانەی ئەلیکترۆنی و ژمێریاریی خەرجی و داهات و ئیمزا و پەراوێزی ئەلکیترۆنی دیوانی وەزارەتی پەروەردە و چەندین بواری دیکە.
لەسەر ئاستی کوالێتی خوێندنیش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستەی متمانەبەخشینی لەسەر پێشنیاز و داواکاریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دامەزراند کە ستانداردی گونجاو دادەنێت بۆ پرۆسە و پرۆگرامی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ ئەوەشدا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەهۆی کەرەنتینەکردن و داخستنی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، سەرکەوتووانە بەشێوەی ئۆنلاین توانی درێژە بە خوێندن بدات و هیچ ساڵێکی خوێندنی قوتابیان بەفیڕۆ نەچێت.