شاكاری "چیرۆكی شارستانییه‌ت" به كوردی بڵاوكرایه‌وه
ویڵ دیورانت و هاوژینه‌كه‌ی به 40 ساڵ نووسییان و وه‌رگێڕانه‌كه‌شی به 7 ساڵ ته‌واو بووه
K24 - هه‌ولێر:
زنجیره كتێبی "چیرۆكی شارستانییه‌ت" كه یه‌كێكه له 100 كتێبه باشەكانی جیھان، لەلایەن نووسەری ئەمه‌ریكی ویل دیورانت و ھاوسەرەكەی ئیریل دیورانتەوە نووسراوە، ماوەی چل ساڵی خایاندووە (ساڵی 1935 تا ساڵی 1975) به 7 ساڵیش وه‌ڕگێڕدرایه سه‌ر زمانی كوردی و ئه‌مڕۆ له رێوڕه‌سمێكدا كه به‌و بۆنه‌یه‌وه له شاری هه‌ولێر سازكرابوو، خرایه به‌رده‌ستی خوێنه‌ران.
زنجیرە كتێبی "چیرۆكی شارستانییەت" لەلایەن دەزگای موكریانەوە كاری وەرگێران و بەچاپگەیاندن و بڵاوكردنەوەی لە ئەستۆگیراوە، وه‌رگێڕانه‌كه‌ی نزیكەی حەوت ساڵی خایاندووە تا گەیشتوەتە بەردەستی خوێنەران.
كاروان عەبدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، له باره‌ی پرۆژه‌كه‌وه گوتی: " قەیرانی دارایی و ھێرشەكانی داعش كاریگەرییان كردەسەر وادەی تەواوبوونی كتێبەكە، ئەوەش ھۆكارێك بوو بۆ دواكەوتنی، بەڵام كۆڵمان نەدا و بەردەوام بووین تا ئەمڕۆ توانیمان بیگەیەنینە دەستی خوێنەرانی كورد".
زنجیره كتێبی چیرۆكی شارستانییەت تا كوئێستا بۆ زیاتر لە شەست زمانی دونیا وەرگێردراوە و ژمارەی بەشەكانی بەپێی زمانەكان جیاوازییان ھەیە و بە زمانی كوردییش لە 23 بەرگ پێكھاتووە.
كاروان عەبدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی گووتی: " ئێمە مەبەستمان بوو لە زمانی یەكەمی كتێبەكەوە كاری وەرگێرانەكە ئەنجام بدەین، ھەرچەندە پێشنیازێكی زۆرمان بۆ ھات تا له زمانی فارسیەوە وەریبگێڕینە سەر زمانی كوردی، بەڵام لە ئەنجامدا بریاڕماندا لە زمانی ئینگلیزییەوە وەریبگێڕین".
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌گرنگی و پێویستی زنجیره كتێبی (چیرۆكی شارستانیه‌ت) مه‌حموود محه‌مه‌د، به‌رپرسی ده‌زگای رۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌وتارێكدا ده‌ستخۆشی له ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه كرد كه‌به‌شدارییان كردووه له وه‌رگێڕانیدا و كتێبه‌كه‌شی به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ زانكۆكانی كوردستان و سه‌رجه‌م خوێنه‌رانی كورد وه‌سف كرد.
لە وەرگێڕانی زنجیره‌كه كتێبەكەدا ژمارەیەكی بەرچاوی وەرگێڕە كوردەكان بەشداریان كردووە و بەشێوەیەكی ھەرەوەزی كاری تێدا كراوە و پێداچوونەوەی بۆ كراوە.
زنجیره كتێبی چیرۆكی شارستانییەت بە یەكێك لە سەد كتێبە باشەكانی جیھان دادەنرێت، لە سەرەتادا بڕیاریاندابوو كە له پێنج بەرگ پێكبێت، بەڵام بەھۆی زۆری زانیارییەكانەوە كە نووسه‌رانی كتێبه‌كه، لە رێگه‌ی گەشتكردن بە وڵاتان و ناسینی كولتووری جیا و خوێندنەوەی مێژوویی جیاوازی گەلانەوە بەدەستیان ھێنا بوو، بریاڕیاندا بیكه‌نه حەوت بەش، بەڵام لە كۆتاییدا بابەتەكان زیاتر بوون و لە دووتوێی یازدە بەرگدا بە زمانی ئینگلیزی بەچاپ گەیەندرا.
ئەم زنجیره كتێبە فەلسەفەی مێژووی مرۆڤایەتی دەگێرێتەوە، ھەر لە سەرەتای درووستبوونی مرۆڤایەتییەوە تا ئێستا، بە خوێندنەوەی كتێبەكە دەتوانیت زانیاری دەربارەی چۆنێتی ھەنگاونانی مرۆڤایەتی بۆ ئەم سەردەمەی ئێستا و ئەو پێشكەوتنانەی لە ژیانی مرۆڤدا روویداوە بەپێی سەردەمەكان جیا بكەیتەوەو دركیان پێ بكەیت.
ئه‌م كتیبه : زێده‌ڕۆیی نییه گه‌ر بگوترێ كتێبی (مێژووی شارستانییه‌ت) گه‌وره‌ترین گه‌شته به‌ناو ژیار و شارستانێتی مرۆڤدا، هه‌ر له ژیاره سه‌ره‌تاییه‌كانی مرۆڤه‌وه تا ژیاری گریك و ڕۆمان و سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و چاخی رێنیسانس و سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری، تا ده‌گاته سه‌ده‌ی بیسته‌م .
ئه‌م كتێبه به ته‌نها تۆمارێكی میژوویی نییه، به‌ڵكو گه‌شتێكه به نێو دونیای ئایین و فه‌لسه‌فه و زانست و ئه‌ده‌ب و هونه‌ریشدا و سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕۆشنبیری گرنگه و ده‌كرێ وه‌ك ئینسكلۆپیدیایه‌كی گشتی میژووی مرۆڤایه‌تی ته‌ماشا بكرێت.
ژوولی عه‌دنان