زیاتر لە ملیۆنێك خێزان لە ھاوكارییە حكوومییەكان سودمەندبوونە

خێزانەكان دانیشتووی ھەرێمی كوردستان و عێراقن

K24 - ھەولێر

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی خێزانە سوودمەندەکان لە ھاوكاریی حكوومی، بە ھەرێمی كوردستانیشەوە بڵاوکردەوە.

عەبدولزەھرە ئەلھینداوی، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، ملیۆنێك و 400 ھەزار خێزانی عێراقی سوودمەندی هاوکارییەکانی حکوومەت بوون، كە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە خراوەتەڕوو.

 راشیگەیاند، ھەرێمی كوردستانیش لەو ھاوكارییە حكوومییە سوودمەندبووە .

ئەلھینداوی ھەروەھا رایگەیاند، ئامارەكانی تایبەت بە ھاوكارییە حكوومەییەكە، ئێستا لەنێوان وەزارەتی كار و كۆمەڵایەتی و ھەروەھا بانكی ناوەندییە و لایەنی پەیوەندیدار دەست بە ناردنی نامە بۆ ئەو خێزانانە دەكەن كە ھاوكارییەكە دەیانگرێتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە نوری دلێمی وەزیری پێشووی پلاندانانی عێراق جەختی لەوە كردبوو، بەھۆی ئەو قەدەغەیەی لە ئەنجامی كۆرۆنا درستبوو، بڕیار درا ھەر تاكێكی عێراقی كە ھیچ مووچەیەك لە دەوڵەت وەرناگرێت، بڕی 30 ھەزار دیناری دەدرێتێ.