سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان: دژی پرۆژەی هەژماری من هیچ لێدوانێكم نەداوە

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

سەرۆکی یەكێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت؛  هیچ لێدوانێکی دژی پرۆژەی هەژماری من نەداوە. 

یەکشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانیی کوردستان بڵاوی کردەوە، ماوەیەكە هەندێ پەیج و ماڵپەر لێدوان بەناوی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان یاخود بەناوی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بڵاودەكەنەوە بەبێ ئەوەی لێدوانی فەرمی یەكێتی مامۆستایان وەربگرن.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەشڵێت: هەروەك دوێنێ هەندێ پەیج و ماڵپەر لێدوانێكیان بەناوی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان بڵاوكردۆتەوە كە گوایە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پرۆژەی هەژماری من ڕەت دەكەنەوە، لێرەوە رایدەگەیەنین كە بەهیچ شێوەیەك وەک سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دژی پرۆژەی هەژماری من هیچ لێدوانێكی نەداوەو هەركەسێكیش بەناوی یەكێتی مامۆستایان لێدوان بدات، گوزارشت لە ڕای كەسی خۆی دەكات نەك یەكێتی مامۆستایان.

ڕاشیدەگەیەنێت:پرۆژەی هەژماری من پرۆژەیەكی گرنگی ستراتیجییەو لەرێگەیەوە خزمەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەپێچەوانەوە یەكێتی مامۆستایان هەڵوێستی ڕوونەو پاڵپشتی ئەم پرۆژەیە دەكات.

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەشڵێت: ڕێكخراوی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ناچێتە نێو ململانێی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن، هەر كەسێكیش بەناوی یەكێتی مامۆستایان لەوبارەیەوە لێدوان بدات بەكارێكی هەڵەی دەزانین، چونكە یەكێتی مامۆستایان لەگەڵ هەر پرۆژەیەكە كە خزمەت بە مامۆستایان بكات.