پارتی دەستی بە دانوستانی پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە
شاندێکی پارتی ماوەی چەند ڕۆژێکە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا دەستی کردووە بە دانوستانی تایبەت بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییەکانی هەفتەی ڕابردووەوە، ئەو شاندە تایبەتییەی پارتی کە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم پێک هێنراوە، دەستی کردووە بە سەردان و گفتوگۆ لەگەڵ سیاسییەکاندا.
شاندەکەی پارتی، تاوەکوو ئێستە سەردانی هەر یەکە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کردووە.
ئامانجی پارتی، گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەوەی هەرچی زووە ڕێکارەکانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەست پێ بکرێن.
یەکگرتووی ئیسلامی، پێشتر بڕیاری داوە بەشداریی حکوومەت نەکات و ئۆپۆزسیۆنبوونی هەڵبژاردووە. کۆمەڵی دادگەریش تا ئێستا بڕیاری داوە نەچێتە پەرلەمانی کوردستان.