رێگەکانی چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە ماڵەوە

کەی کەسی تووشبووی لە ماڵەوە دەست بە ژیانی ئاسایی بکاتەوە؟

K24 - هەولێر

نیشانەکانی پەتای کۆرۆنا لەماوەی دوو بۆ 14 رۆژ لەدوای تووشبوونی کەسێک بە ڤایرۆسەکە دەردەکەون. زۆربەی حاڵەتەکانی کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستیان بە چاودێریی پزیشکی نییە لە نەخۆشخانە، بۆیە بەپێی سەنتەری ئەمەریکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان و رێگریکردن لێیان، دەکرێت کەسی تووشبوو لە ماڵەوە جیابکرێتەوە و چاودێری رەوشی تەندروستیی بکرێت بەمشێوەیە:

جیاکردنەوەی تووشبوو

کەسی تووشبوو بە پەتای کۆرۆنا دەبێت بەتەنیا لە ماڵەوە جیابکرێتەوە و پێداویستیی تایبەت بەکاربهێنێت وەکو قاپ و کەوچکی سەفەری و، کەسی دیکە دەستکاری کەلوپەلەکانی نەکات.

بەکارهێنانی توالێت

باشترە توالێتێکی جیاواز بەکاربهێنێت، بەڵام ئەگەر هەر یەک توالێت لە ماڵەکەدا هەبوو، پێویستە بەردەوام بە پاکی رابگیرێت، بەردەوام هەواگۆڕکێی لێ هەبێت.

نابێت راستەوخۆ لەدوای چوونی تووشبوویەک بە کۆرۆنا بۆ توالێت، توالێتەکە بەکاربهێنرێت، پێش ئەوەی بە ماددەی کهوول یان کلۆر پاکنەکرێتەوە.

هەواگۆڕکێی ماڵ

پێویستە بەردەوام دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەوە کراوە بن بۆ ئەوەی هەواگۆڕکێ رووبدات، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانێت ماوەی چەند کاتژمێرێک لە هەوادا بمێنێتەوە دوای ئەوەی لەگەڵ هەناسە، کۆخە و پژمینی کەسی تووشبوو دەردەچێت، بۆیە هەواگۆڕکێ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوونی ئەندامانی دیکەی خێزان بە ڤایرۆسەکە.

تێکەڵبوونی کەسی تووشبوو

لەکاتی نزیکبوون لەکەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێویستە رووخسارت بە باشی دابپۆشی، لەکاتیکیشدا ناچاربووی لە تەنیشتی دابنیشی، بۆ نموونە لەنێو ئۆتۆمبێل، پێویستە دەم و لووتت بە باشی بە دەمامک ببەستی و عەینەگ لە چاوت بکەی، هەروەها دەبێت دەستکێش لە دەست بکەیت و جلوبەرگەکانت قۆڵیان درێژ بێت، دواتر کە گەیشتنەوە ماڵەوە، دەبێت راستەوخۆ جلەکان دابنێی و بە ئاوێک کە پلەی گەرمیی لەنێوان 60 بۆ 90 پلە بێت، بیانشۆی.

باشترە کاتێک دەچیتە ژووری تووشبووی کۆرۆنا، نەعلێک لەپێ بکەی کە تایبەتە بەو ژوورە، لەوەش باشتر؛ کیسی پلاستیکە، لەو کیسانەی لە نەخۆشخانەکان لەپێی نەخۆش دەکرێن، دەشبێت راستەوخۆ دوای دەرچوون لەو ژوورە، کیسەکە فڕێبدرێت.

دەستت و رووخسارت بۆ ماوەی 20 چرکە بە باشی بە ئاو و سابوون بشۆ، ئەگەر ئاو و سابوونیشت لەلا نەبوو، دەبێت ماددەیەکی پاکژکەرەوە بەکاربهێنیت، کە رێژەی کهوول تێیدا 60٪ کەمتر نەبێت.

پاکڕاگرتنی ماڵ

ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانێت ماوەی چەند کاتژمێرێک بۆ چەند رۆژێک لەسەر رووکارە جیاوازەکان بمێنێتەوە، بەتایبەت ئەو رووکارانەی زۆر دەستیان لێدەدرێت، وەکو دەسکی دەرگا، کلیل، مێز و پلاکی کارەبا، بۆیە دەبێت ئەوانە رۆژانە زیاتر لە جارێک پاکبکرێنەوە و و لە پاککردنەوەشیاندا کلۆر بەڕیژەیەکی کەم یان ماددەیەک، کە رێژەی بەلایەنی کەمەوە 70٪ـی کهوول بێت، بەکاربێت.

لەکاتی شووشتنی جلوبەرگەکانی تووشبوو بە کۆرۆنا، دەبێت دەستکێش لەدەست بکەیت و ماسک ببەستی، جلوبەرگەکان دوور لە جەستەت هەڵبگری و ماددەکانی سپیکردنەوە لە شووشتنیان بەکاربهینیت، لەهەمان کاتدا دەبێت پلەی گەرمیی ئاوەکە لەنێوان 60 بۆ 90 پلە بێت.

چاودێری تەندروستیی تووشبوو

پێویستە رۆژانە بەردوام شلەمەنی و خواردنەوەی فرێش بدرێتە تووشبووانی کۆرۆنا بۆ ئەوەی جەستەیان لە وشکبوونەوە پارێزراو بێت، لەگەڵ ئەو دەرمانانەی پزیشک بۆ کەمکردنەوەی ئازار و تا، بۆی نووسیوە.

کەی رووبکاتە نەخۆشخانە؟

پێویستە بەباشی چاودێریی نەخۆش بکرێت لە ئەگەری دەرکەوتنی ئەو نیشانانە: هەناسەدان بەزەحمەت، نەبوونی هێزی وەستان، گۆڕانی رەنگی رووخسار و لێو بۆ شین، زەحمەتی لە گوتنی رستەیەکی بچووک، کە مەرج نییە ئەو نیشانانە هەموویان بەیەکەوە دەرکەون، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی هەر نیشانەیەک، دەبێت پەیوەندی بە پزیشک یان یان لایەنی پزیشکیی بەرپرس لە چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا بکەیت، (لە کوردستان دەبێت پەیوەندی بە 122 بکەی).

لە ئەگەری تووشبوونی کەسانی بەتەمەن، یان ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنی وەکو نەخۆشییەکانی پەیوەست بە سییەکان، دڵ یان شەکرەیان هەیە، پێویستە راستەوخۆ لەدوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوای یارمەتیی پزیشکی بکرێت، چونکە پەتاکە زیاتر کاریگەریی لەوان دەکات.

کەی کۆتایی بە کەرەنتینەکردن بهێنرێت لە ماڵەوە؟

بەپێی سەنتەری ئەمەریکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان و رێگریکردن لێیان، دەکرێت لەم حاڵەتانە کەرەنتینەکردن کۆتایی پێبهێنرێت:

یەکەم: ئەگەر کەسەکە نەیتوانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە لە چاکبوونەوەی لە ڤایرۆسەکە، دەکرێت لەم کاتانەدا کۆتایی بە کەرەنتینە بهێنێت لە ماڵەوە:

1 - ئەگەر تای نەمابوو و 72 کاتژمێریش بوو هیچ دەرمانێکی بۆ هێنانەخوارەوەی پلەی گەرمیی بەکارنەهێنابوو.
2 - چاکبوونەوەی لە هەموو نیشانەکانی وەکو: کۆخە و تەنگەنەفەسی.
3 - تێپەڕینی بەلایەنی کەمەوە حەوت رۆژ لە دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی.

دووەم: لە ئەگەری پشکنینی تووشبوو:

1- نەمانی تا بەبێ بەکارهێنانی دەرمانەکانی تایبەت بە نزمکردنەوەی پلەی گەرمای جەستە.
2 - چاکبوونەوەی سەرجەم نیشانەکانی وەکو کۆخە و تەنگەنەفەسی.
3 - دوو پشکنینی یەکلەدوای یەک کە هەردووکیان ئەنجامەکەیان نێگەتیڤ بێت و ماوەی 24 کاتژمێریشیان لەنێواندا بێت.

سێیەم: ئەوانەی لە پشکنین دەرکەوتووە تووشی کۆرۆنا بوون، بەڵام هیچ نیشانەیەکیان لێ دەرنەکەوتووە

هەندێک لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون، ئەگەر نیشانەشیان نەبێت دەتوانن ڤایرۆسەکە بگوازنەوە، بۆیە دەبێت خۆیان لە ماڵەوە کەرەنتینە بکەن و دەتوانن بەلایەنی کەمەوە دوای حەوت رۆژ لە پشتڕاستبوونەوەی تووشبوونیان بە کۆرۆنا، کۆتایی بە خۆکەرەنتینەکردن بهێنن.

بەڵام دەبێت لەماوەی سێ رۆژی یەکەمی کۆتاییهاتنی خۆکەرەنتینەکردن هەموو رێکارە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن، دوو بۆ چوار مەتر لە کەسانی دیکە دووربن.

ئەو پەتایە نە بۆ تووشبوو و نە بۆ ئەوانەی چاودێریی تووشبووەکە دەکەن، ئاسان نییە، بۆیە پێویستە گرنگی بە تەندروستیی جەستەیی و دەروونی خۆیان بدەن، هەوڵبدەن لەڕێگەی رینمایی دەروونی، یان هاوڕێ و دۆستان کەمێک گوشاری دەروونی لەسەر خۆیان دووربخەنەوە.

 

سەرچاوە: ئەلجەزیرە