لە ئەنجوومەنی ئاسایش باسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکرێت

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە و نوێنەری یۆنامی ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەخوێنێتەوە.
کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 10-06-2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ دەبێتەوە و چەند تەوەرێک تاوتوێ دەکات.
پێشبینیش دەکرێت بەشێک لە وڵاتانی ئەندام، پێشوازیی لە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکەن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێی لەگەڵ تورکیا.
لە کۆبوونەوەکەدا، محەممەد حەسسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووکان بۆ عێراق، ڕاپۆرتێک لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و مرۆییەکان لە عێراق دەخوێنێتەوە.
بڕیارە، محەممەد حەسسان، لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا تیشک بخاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئەمە لە کاتێکدایە، بە بڕیاری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەکردنی کێشەکە نییە؛ ئەمەش وای کردووە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر بچن.
بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەنەوە، هەموو پابەندییەکانی خۆیان بەرانبەر بە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە بیانووی جیاواز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگرتووە و دەیەوێت سزای بە کۆمەڵی خەڵک بدات.