لە ھەرێمی كوردستان 12 كێڵگەی بەرھەمھێنانی ھێلكەی خواردن ھەن

ھێلكەی خواردن پێداویستی ناوخۆ بە زیادەوە پڕدەكاتەوە

K24 - ھەولێر

ھێلكە یەكێكە لەو خۆراكانەی پێداویستی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان پڕدەكاتەوەو ساڵانەش لەسەرووی ملیارێك و 300 ملیۆن ھێلكە بەرھەم دەھێندرێت، ھەربۆیە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ، بڕیاری قەدەغەكردنی ھێلكەی توركی و بیانی داوە، بەگوێرەی ئامارەكان 12 كێڵگەی بەرھەمھێنانی ھێلكەی خواردن لە ھەرێمی كوردستان ھەن و ھەشتیان كەوتووەتە سنووری پارێزگای ھەولێر.

لەو 8 كێڵگەی بەرھەمھێنانی ھێلكە لە سنووری پارێزگای ھەولێر یەكێكیان بە گەورەترین كێڵگە دادەنرێت، رۆژانە نزیكەی 1300 كارتۆن ھێلكە دەخاتە بازاڕەوە، بە سستمێكی جیھانی دروستكراوەو ھەوڵیشدەدەن ئاستی بەرھەمھێنان لەوەی ئێستا زیاتر بكەنەوە.

ھێلەكەكان بە چەند قۆناغ و فیلتەرێكدا تێدەپەڕن، سستمەكە ھێلكەی خراپ و نا تەندروست قبوڵ ناكات و بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیك قەبارەو جۆری ھێلەكەكان جیادەكرێنەوە. بەھۆی باشی سستمی كار و بەرھەمھێنان چەند كارگەیەك بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتیان پێدراوە.

ھەوڵەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ پەرەپێدانی بە كەرتی پەلەوەر بەردەوامە و پلانیشیان ھەیە لە داھاتوودا گرنگی زیاتر بە زیادكردنی بەرھەمەكە بدەن.

حوسێن حەمە كەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "پڕۆژەكانی بەرھەمھێنانی ھێلكە داھاتوویەكی گەشیان ھەیە و رەزامەندیش دراوە بۆ دروستكردنی پڕۆژەی دیكە".

ئێستا ھێلكە پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی، ھاوردەكردنی ھێلكەی بۆ بازاڕەكانی كوردستان قەدەغەكردووە.