هاووڵاتییانی عەربەت ستایشی پرۆژەی ڕووناکی دەکەن
دانیشتووانی شارۆچکەی عەربەت خۆشحاڵی خۆیان بە پرۆژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەردەبڕن، کە ژیانی ڕۆژانە و کار و کاسبیانی ئاسانتر کردووە. هاوکات، داوا دەکەن هاووڵاتییان هۆشیاربن لە بەکارهێنانی کارەبادا بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی پرۆژەکە.
پێشتر، ژیانی هاووڵاتییان و خاوەن کارەکان لە عەربەت بەهۆی نەبوونی کارەبای بەردەوامەوە سەخت بوو. قازی محەممەد، خاوەنی چێشتخانەیەک، بۆ کوردستان24 باس لەوە دەکات کە پێشتر ناچاربوون پشت بە مۆلیدە ببەستن، بەڵام ئێستا بەهۆی کارەبای 24 کاتژمێر، کارەکانیان زۆر ئاسان بووە و دەڵێت، "ئێستا زۆر ئاسودەین، چونکە کوژانەوەی کارەبا و مۆلیدە نەماوە."
جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە وای کردووە کە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان گەڕەک و کۆڵانەکاندا هەست پێبکرێت و ژیانی هاووڵاتییان ئاسانتر بووە. غەریب فەرەج، یەکێک لە هاووڵاتییان، گوتی: "زۆر لە پرۆژەی ڕووناکی ڕازین، بەڵام پێویستە خەڵکیش بەپێی پێویستی خۆی کارەبا بەکاربهێنێت."
پرۆژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی 16 فیدەری شارۆچکەی عەربەتەوە جێبەجێ کراوە و زیاتر لە 10,800 هاوبەشی کارەبا و 30 هەزار هاووڵاتی لەم پرۆژەیە سوودمەند بوون. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی کوژاندنەوەی 19 مۆلیدەی ئەهلی لەناو شارۆچکەکەدا، کە پێشتر کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاووهەوای عەربەت هەبوو.
پرۆژەی ڕووناکی لە عەربەت، کە داواکاری سەرەکی زۆربەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بوو، ئێستا بۆ دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە جێبەجێ کراوە و بووەتە مایەی ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ ناوچەکە.