سوپای ئێران: بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەین
سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت؛ سوپای کۆماری ئیسلامی ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی زەمینی و ئاسمانی و ئاوی کە لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دژ بە سەروەری خاکی ئێران بکرێت.
ئەمڕۆ هەیینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025، حەبیبوڵڵا سەیاری سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕایگەیاند، توانای سەربازیی ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە، لە توانایدایە وەڵامی هەموو هێرشێکی سەربازی بداتەوە چ لە وشکانی، ئاسمانی یان سنوورە ئاوییەکانەوە بێت.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، سوپا گەرەنتی و بەهێزی مانەوەی داهاتووی ئێرانە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە، هەر ئەمڕۆ هەیینی، عەزیز نەسیرزادە وەزیری بەرگریی ئێران لەگەڵ دیمیتری پانتۆس سەرۆکی لیژنەی هاوکاریی و تەکنەلۆژیای بیلاڕووس جەختیان لە بەردەوامی هاوکارییە دووقۆڵیەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە لە بواری بەرگری، تەکنیکی و پیشەسازیی سەربازی.
بە گوێرەی ئیرنا، هەردوو لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان بە تایبەتی لە کەرتی وزە و پیشەسازی، هاوکات بە تێڕوانینی نوێوە لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان نەخشە ڕێگەی نوێ دابڕێژن بۆ برەودان بە هاوکارییەکانی نێوانیان لە بواری پیشەسازی سەربازی.
لەلایەن خۆیەوە، دیمیتری پانتۆس سەرۆکی لیژنەی هاوکاریی و تەکنەلۆژیای بیلاڕووس، باسی لەوەکردوە، هاوبەشیان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت، چونکە ئەو وڵاتە لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و پێشەسازیدا بۆ ئەوان گرنگە و دەتوانن سوود لە ئەزموونی یەکتر ببینن بۆ زیاتر گەشەپێدان لە بوارەکانی تەکنیکی و بەرگریدا.
لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، تاران هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی، بە تایبەت لە ڕووی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە هەوڵی بە دەستهێنانی چەک و سیستەمی پێشکەوتوو دەدات.
بەرەبەیانی هەینی، 13ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، سوپای ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دەیان ناوچەی جیاجیای سەربازی و ئەمنی ئێران، لە نێویاندا کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیی و سەکۆی هەڵدانی مووچە و فڕۆکەخانەکانی بۆمباران کرد، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە، بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.
ڕاگەیاندنی ئاگربەست
دوای 12 ڕۆژ لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.
