دۆناڵد ترەمپ: شیکاگۆ بەم زووانە هۆکاری گۆڕینی ناوی وەزارەتی جەنگ دەزانێت

ترەمپ بەڵێنیدا بە خێرایی کێشەی تاوانکاریی لە شیکاگۆ چارەسەر بکات، کە بە مەترسیدارترین شاری جیهان ناوی برد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'Truth Social' وێنەیەکی دروستکراو بە  AIـی بڵاوکردەوە و تێیدا بە جلوبەرگی سەربازییەوە دەردەکەوێت و لە پشتەوەی وێنەکەشی فڕۆکە جەنگییەکان شیکاگۆ بۆردومان دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ نووسیویەتی: شیکاگۆ بەم زووانە هۆکاری ناوی وەزارەتی جەنگ دەزانێت.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنیدا بە خێرایی کێشەی تاوان لە شیکاگۆ چارەسەر بکات، کە بە مەترسیدارترین شاری جیهان وەسفی کرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ شارەکە.

ترەمپ ڕۆژی هەینی واژۆی لەسەر فەرمانی گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی بۆ وەزارەتی جەنگ کرد، لە لێدوانێکیشی بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: ناوە نوێیەکە بۆ دۆخی ئێستای جیهان گونجاوترە، ئاماژەی بەوەش کرد، پەیامێکی سەرکەوتن دەنێرێت بۆ جیهان.

ترەمپ ناتوانێت بە فەرمی ناوی وەزارەتەکە بگۆڕێت بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرێس، بەڵام فەرمانی جێبەجێکردن ڕێگە دەدات ناوە نوێیەکە وەک ناوی دووەم بۆ وەزارەتی بەرگری بەکاربهێنرێت.

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا زیاتر لە سێ ملیۆن کارمەندی مەدەنی و سەربازیی هەیە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment