سێ هاووڵاتی کەوتنە ڕووباری خەلان و یەکیان خنکا

قایمقامی خەلیفان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سێ گەشتیاری عەرەب لە ڕووبارێکی نزیک شارەدێی سرێشمە سەر بە قەزای خەلیفان بە نەزانی مەلەیان کردووە، بەهۆیەوە کەسێکیان خنکا و دووانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕزگارکران.
یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، مەغدید ئەحمەد، قایمقامی خەلیفان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سێ گەشتیاری عەرەب لە ڕووباری خەلانی نزیک شارەدێی سرێشمە سەر بە قەزای خەلیفان مەلەیان کردووە لە کاتێکدا مەلەیان نەزانیووە، بۆیە نقوم بوون، بەمەش گەنجێک خنکا و باوک و کوڕێکیش بە هەوڵی هێزە ئەمنیەکان و هاوڵاتیان ڕزگار کران، تەرمی گەنجە خنکاوەکە لە ڕووبارەکە دەرهێندرا.
قایمقامی خەلیفان ڕاشیگەیاند: گەنجە خنکاوەکە و باوک و کوڕەکەش، لە یەک خێزانن کە بۆ گەشت هاتوونەتە ناوچەکە بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەر ببەن.
گوتیشی: پێشتر چەندین جار ئێمە و بەرگریی شارستانیش، هۆشداریمان لە مەترسی مەلەوانی لەم ڕووبارە داوە، بەڵام خەڵکانێک هەن هۆشدارییەکان بەهەند وەرناگرن، ڕایگەیاند: لەمساڵدا، ئەمە دووەم ڕووداوی خنکانە لە ڕووباری خەلان تۆمار دەکرێت.