سەنعان عەبدوڵڵا: پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژینگەی کوردستانی پاک کردووەتەوە

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی زۆری لەپێناو پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان کردووە، لەوانەش، پرۆژەی ڕووناکی و دروستکردنەوەی پشتێنەی سەوز، لەگەڵ لێخۆشبوون لە باجی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە کە بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی ناسراوە.
یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دروشمی(پاراستنی ژینگە ئەرکێکی نیشتمانییە) کاری بۆ پاککردنەوەی ژینگە و هەوای کوردستان کرد، لەوانەش، پرۆژەی ڕووناکی کە بە یەکێ لە پرۆژە هەرە گرنگ و ستراتیژییەکان ئەژمار دەکرێت، جگەلەوەی زیاتر لە 4 ملیۆن هاووڵاتیی ئێستا لە پرۆژەی بوونی کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەندبوونە، هاوکات بەهۆی ئەو پرۆژەوە، 3 هەزار و 200 موەلیدە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کوژێندراونەتەوە.
ئاماژە بەوە ش دەکات، هەر بۆ پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە هەڵمەتی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی کردووە، لەوانەش، پشتێنەی سەوز لە دەورووبەری شاری هەولێر، سەرباری پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر و لێخۆشبوون لە باجی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە کە بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی ناسراوە.
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کاریگەریی دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان کرد لەسەر کەش و هەوای هەرێمی کوردستان کە لەماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون و ئێستا ژمارەیەکیشیان لە جێبەجێکردندان، داخستنی پاڵاوگە نا یاساییەکانیش بە هاوکارێکی کاریگەر دەزانێت لە پاکبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆری ژینگە و کەش و هەوا.
سەنعان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، هاووڵاتی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە پاککڕاگرتنی ژینگە، دەشڵێت: بە کوژاندنەوەی 3 هەزار 200 موەلیدە لە کوردستاندا، کەش و هەوای شارەکان بەڕێژەی (نیوە) پاک دەبێتەوە، جگە لە نەمانی ژاوە ژاوی موەلیدە و ئەو پاشەڕۆییانەی هەیانبوو کە دەڕژانە نێو زەوی و زیانی زۆریان بە ژینگە دەگەیاند.
دەڵێت: ئەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاککڕاگرتنی ژینگە، نیشاندانی پابەندییەکانییەتی بەرانبەر ڕێککەوتننامەی پاریس بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان، گوتی: بەپێی ڕێنماییەکانی دەستەی پاراستنی ژینگە، ژمارەیەک پاڵاوگەی نا یاسایی داخران، ئەوانەشی ماون، پێویستە مەرجی ژینگەیی جێبەجێ بکەن، ئەگینا وەکو پاڵاوگەکانی دیکە دادەخرێن.
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هەنگاوانەی نەنابوایە، ئەوە جگەلەوەی ژینگە و ئاو و هەوای کوردستان زۆر خراپتر دەبوو، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبوو، دەشڵێت: ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، عێراق کاریگەریی زۆری گۆڕانی کەش و هەوای بەسەرەوەیە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەربوو لە باشترکردنی کوالێتی کەش و هەوا.
سەبارەت بە پرۆژەی پشتێنەی سەوزی شاری هەولێریش، سەنعان عەبدوڵڵا گوتی: پشتێنەی سەوزی شاری هەولێر، یەک لە پرۆژە هەرە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، چونکە ڕێژەی سەوزایی لە شارەکە بەرز دەکاتەوە، پلەی گەرمی تا ئاستێک نزم دەبێتەوە، سەرباری کەمبوونەوەی دەردانی گازەکان، لەگەڵ ئەوەشدا، پاکبوونەوەی ژینگە و کەش و هەوا، کاریگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتیشی دەبێت.