ئیسرائیل مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ئاشکرا دەکات

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، مەرجیان بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی غەززە، چەکدانانی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکانە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی غەززە کورت و سادەن ئەوانیش؛ چەکدانانی تەواوەتی بزوتنەوەی حەماس و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
جەدعون ساعر گوتیشی: دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن وڵاتانی دیکەوە سەقامگریی ناهێنێتە کایەوە، بەڵکو دۆخی ناوچەکە زیاتر ئاڵۆزدەکات و بەربەستیش لەبەردەم ئاگربەست دروستدەکات.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریدا و گوتی: ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنێن هەڵەیەکی گەورە دەکەن.
لارس لۆکێ ڕاسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک لەهەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیگوتی: ئیسرائیل مافی ناڕەزایی دەربڕینی نییە بەرامبەر هەر دانپێدانانێکی دانیمارکی بە دەوڵەتی فەڵەستینی.
لای خۆیەوە دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، ئەمەریکا پرەنسیپەکانی پێشنیازی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی بە حەماس گەیاندووە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانە.
لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی کان لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل ئامادەیە داگیرکردنی شاری غەززە ڕابگرێت، ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت.