سكرتێری گشتی هاوپەیمانی مهسیحی: هەندێک کەس بە زەبری چەک کورسیەکانی پەرلەمانیان بردووە

سكرتێری گشتی هاوپەیمانی مهسیحی، یاسای ئەوقافی ئایینەکانی عێراق ڕەتدەکاتهوه و دهڵێت: هەندێک کەس بە زەبری چەک، وەکو میلیشیا ئیرادەی کریستیانەکانیان لە بەغدا داگیرکردووە و کورسیەکانی پەرلەمانیان بردووە، ویستیان هەمان ئەزموون لە هەرێمی کوردستانیش دووبارە بکەنەوە، بەڵام بەپشتیوانی سەرۆک بارزانی ڕێگریان لێکرا.
ئانۆ جەوهەر، سكرتێری گشتی هاوپەیمانی مهسیحی بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: هەمووارکردنەوەی یاسای ئەوقافی ئایینەکانی عێراق، دوورە لە ئیرادە و خواستی پەیڕەوانی ئایینەکانی ڕەسەنن، کە بەپێی ئەم یاساییە ئەوقافەکانیان ڕێک دەخرێن، لەوانەش ئایینی مەسیحی و ئێزدی و ئایینەکانی دیکەش، بۆیە پاتریکییەی کلدانی، کەنسیەی کلدانی کە گەورەترین کەنیسەی مەسیحییە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەفەرمی ڕایگەیاندووە، ڕازی نین بەو هەمووارە، بەهۆی ئەوەی تێبینیان لە چەند خاڵێک هەیە کە دژی کریستیانەکانە، لەو خاڵانەش کە تێبینی لەسەر دراوە ئەوەیە، مەسحییەت تایفە نییە، ئێمە بەشێک نین لە شتێک، ئێمە خۆمان شتین، خۆمان ئاینین، بەشێک نین لە هیچ ئاینێکی دیکە.
دەڵێت: سەرۆکی دیوان بەپێی یاسای بەرکار، پێویستە لەلایەن سەرکردایەتی ئایینەکانەوە کاندید بکرێت، دواتر فەرمانی سەرۆک وەزیرانی بۆ دەردەچێت، بەڵام ئێستا ئەو مافەیان لە سەرکردەی ئایینەکان وەرگرتووەتەوە و ڕاستەوخۆ دەیانەوێت بیدەن بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکی ئایینەکان، سەرۆکی دیوان دابنێن.
ئانۆ جەوهەر ئاماژە بەوە دەکات، دیوانەکە ناوی ئەوقافی ئایینەکانی مەسیحی، ئێزدی و سابیئەی مەندائییە و ئایینەکانی دیکەیە، ئێستا بە هەمووارکردنەوەی یاساکە لە عێراق، ئەو ناوەیان لاداوە کە ناوی مەسیحی و ئێزدی و سابیئەی مەندائیان تێدایە و کردوویانە بە(دیوانی ئەوقافی ئایینەکان)، هاوکات دەسەڵاتیان بە سەرۆک و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوە بۆ ڕەتکردنەوە، یاخود داننان بە ئایینێک، لەگەڵ ئەوەی ناکرێی ئایینێک بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ڕەت بکرێتەوە، لە کاتێکدا ئایینەکان بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراق بوونیان هەبووە.