زیاتر لە 70 سەربازی کۆلۆمبیا بە بارمتە گیران

لە ڕۆژئاوای کۆلۆمبیا کە بە ناوچەیەکی مەترسیداری ماددە هۆشبەرەکان دادەنرێت، زیاتر 70 سەربازی کۆلۆمبی لەلایەن چەکدارانەوە بە بارمتە گیران.
سوپای کۆلۆمبیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، 72 سەربازیان لە پارێزگای کاوکا بە بارمتە گیراون، کە ناوچەیەکی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەیە و لەلایەن گرووپێکی چەکدارییەوە کۆنترۆڵکراوە و پڕە لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.
سەرچاوەیەکی سەربازیی وڵاتەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ئەو سەربازانە لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە بە بارمتە گیراون، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
ڕفاندنی پۆلیس و کارمەندانی سەربازی لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی حکوومەتی کۆڵۆمبیادا باو و ئاساییە.
لە 27ـی ئابی ڕابردوودا، پێدرۆ سانچێز، وەزیری بەرگری کۆڵۆمبیا ڕایگەیاند، 34 سەربازی کۆڵۆمبیا بە بارمتە گیراون لە ناوچەیەک کە لەلایەن گرووپێکی یاخیبووانەوە کۆنترۆڵکراوە لە ناوچەی ئەمازۆنی باشووری ئەو وڵاتە .
وەزیرەکە ئاماژەی بەوە نەکردووە کەی ئەو سەربازانە لەلایەن ئەو گرووپەوە بە بارمتە گیراون، کە ئەو گرووپە پێشتر لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی شۆڕشگێڕی کۆڵۆمبیا بوون بەڵام ئێستا جیابوونەتەوە.
سانچێز دووپاتی کردەوە کە پێکدادان لە نێوان سوپا و گرووپە چەکدارە یاخیبووەکان ڕوویداوە و لە ئەنجامدا 10 چەکدار کوژراون و دووی دیکەش دەستگیرکراون.
سانچێز لە 29ـی ئابدا، ئازادکردنی زیاتر لە 30 سەربازی ڕاگەیاند، کە لەلایەن چەکدارەکانەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات ڕفێندرابوون.